نەوزاد هادی: دەتوانرا قەیرانەکان بێ ماندووکردنی هاونیشتیمانیان چارەسەر بکرێن
نەوزاد هادی گوتیشی "ئەم نیگەرانییەش بە سیمای خەڵکی شاری هەولێر و کوردستانەوە دیاربووە و بێگومان ئەو دۆخەش کاریگەری خۆی هەبووە".
پارێزگاری هەولێر، ئاماژە بەوە دەدات "ئێمە لە کوردستان لە بارێکی سەربازیدا لە رووبەڕووبوونەوەداین لەگەڵ داعش و باری ئابووری و ئەو بارە سیاسییەی کە عێراق و ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت، چونکە لە عێراقیشدا گۆڕانکاری گەورە و نوێ هەیە، ئەمانەش هەمووی فشارن لەسەر خەڵکی کوردستان، ئەم بارە سیاسییەی ناو کوردستانیش فشارێکی دیکەی دروستکردووە، کە لەبنەڕەتدا کێشەیەکی پێویست نەبووە، دەبوا بە ئاسانتر چارەسەر بکرێت بێ ئەوەی خەڵک ماندوو بکرێت".
پارێزگاری هەولێر، باسی ئەوەشی کرد کە "لە دە ساڵی رابردوودا بە حکومی ئەوەی تێگەیشتنێکی سیاسی باش هەبوو لە کوردستاندا، کوردستان لە هەموو رووێکەوە پێشکەوتنی زۆر گەورەی بەخۆیەوە بینیوە".
نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر، باس لەو کۆبوونەوە 5 قۆڵییە دەکات، کە رۆژی 18 لەسەر 19ـی ئاب بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئەمریکا و بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان، لەهەولێر ئەنجامدرا، کە لەو کۆبوونەوەیەدا فرانک بیکەر، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق باسی لەو بەراوردە کردووە، لەگەڵ هاتنی لە ساڵی 1992 بۆ 1993 بۆ هەولێر و کوردستان، کە هەنگاوێکی مەزن نراوە.
نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر ئەوەش دەخاتەڕوو "سەقامگیری سیاسی هۆکارێکی سەرەکی پێشکەوتنە بۆ هەر وڵاتێک".
رووداو
