زەهاوی: ھیچ دەزگایەک ناتوانێ بڕیارەکەی ئەنجومەنی شوورا ھەڵبوەشێنێتەوە

زەهاوی: ھیچ دەزگایەک ناتوانێ بڕیارەکەی ئەنجومەنی شوورا ھەڵبوەشێنێتەوە
پاش ئەوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی داوایان لە ئەنجومەنی شوورا کرد، ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە کە لە دوای 20ـی ئاب، کێ دەتوانێت وەکو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کارەکان رایی بکات، ڕۆژی 17ـی ئاب، ئەنجومەنی شوورای ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا، مەسعود بارزانی بە تەواوی دەسەڵاتەکانییەوە لە پۆستەکەیدا بەردەوام بێ، تا ئەنجامدانی ھەڵبژاردن.

نەریمان تاڵیب، گوتەبێژی وەزارەتی داد ڕای گەیاند، بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی شوورا، مەسعود بارزانی تاوەکو ھەڵبژاردنی داھاتوو بە تەواوی دەسەڵاتەکانییەوە لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە.

ئەو ئەنجومەنە ڕای دەگەیێنێت: “بڕیارەکەمان ھەم ڕاوێژکارییە، ھەم ئیلزامییە”.

جەختی لەسەر ئەوەش کردووەتەوە، ئەگەر بێت و لایەنەکان نەگەن بە ڕێککەوتن، ئەوا بۆ ئەوەی بۆشایی یاسایی دروست نەبێت، ئەو بڕیارە دراوە.

ئەنجومەنی شوورای ھەرێم لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2008 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دامەزراوە.

سیروان زەھاوی، یاساناس و ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، نە دادگای تەمیز و نە ھیچ دادگا و دەزگایەکی تر ناتوانێت بڕیارەکەی ئەنجومەنی شوورا ھەڵبوەشێنێتەوە و گوتی: “چونکە ئەنجومەنی شوورا لە ٣ دەزگا پێک دێت، دەزگایەکیان دادگای ئیدارییە، دەزگایەکەی تریش دەزگای بەرزەفتکردنی گشتییە، دەزگاکەی تریش ئەنجومەنی شوورایە، کە لە سەرووی ھەردووکیانە”.

سیروان زەھاوی گوتیشی: “بۆ نموونە، ھەر بڕیارێک لە ئەنجومەنی دادگای بەرزەفتکردن دەربچێت، دەکرێت تانەی لێ بدرێت لەبەردەم ئەنجومەنی شوورا، بەڵام ئەگەر بڕیارەکە ئەنجومەنی شوورا دەری بکا، قابیلی تانە لێدان نییە و بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت”.

ئەو یاساناسە ئەوەشی خستە ڕوو، کەوا سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، بە نووسراوی فەرمی داوایان لە ئەنجومەنی شوورا کردبوو، ئەوە یەکلایی بکاتەوە کە ئاخۆ لە دوای 20ـی ئاب، کێ سەرۆکی ھەرێم دەبێت؟ چونکە ھەردوولا، کە دوو لایەنی کێشەکەن، داوایان کردووە. بۆیە بڕیارەکەی ئەنجومەنی شوورا قابیلی تانە لێدان نییە و وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت و لە دوای 20ـی ئاب، بارزانی بە تەواوی دەسەڵاتەکانی خۆیەوە بەردەوام دەبێت.

زەھاوی جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە، کە ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی شوورا ھیچ پەیوەندیی بە سازان و نەسازانی لایەنەکانەوە نییە و گوتیشی: “ئەو پڕۆژە یاسایەی لە پەرلەمانە پەیوەندیی بە ھەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم ھەیە، بەڵام ئەوەی ئەنجومەنی شوورا، یەکلاییکردنەوەی ئەوەیە کە کێ لە دوای 20ـی ئاب وەک سەرۆکی ھەرێم بەردەوام دەبێت”.

سیروان زەھاوی ھێما بۆ ئەوەش دەکات، پەرلەمانی کوردستان ناتوانێت بڕیارەکەی ئەنجومەنی شوورا ھەڵوەشێنێتەوە یان کاری پێ نەکا، گوتیشی: ئەوە یەکلایی بووەوە کە ئاخۆ لە دوای ٢٠ی ئاب سەرۆکی پەرلەمان یان بارزانی پۆستی سەرۆکی ھەرێم بەرێوە ببات، ئەگەر پەرلەمانیش یاسایەکی دەرکرد بەدەر بوو لە سازانی نشتیمانی، دەتواندرێت لە ئەنجومەنی شوورا تانەی لێ بدرێت.

دڵشاد عەبدولڕەحمان، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی و لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی: “بەدەر لەوەی کە لە پسپۆڕیەتیی ئەنجومەنی شوورادایە کە داوایەکی لەو جۆرە ببینێ، یان نا، ڕووکردنە ئەو ئەنجومەنە، ھەنگاوێکی زیرەکانەیە کە پارتی ناویەتی” .

بەپێی ماددەی دووەم لە یاسای ئەنجومەنی شوورای ھەرێم، ئەنجومەنەکە لە ڕووی کارگێڕییەوە بە وەزیری دادەوە دەلکێ و لە سەرۆک و جێگری سەرۆک و ڕاوێژکاران پێک دێت، کە ژمارەیان لە پێنج ڕاوێژکار کەمتر نابێ و لە نۆش زیاتر نابێ.

بەپێی ماددەی سێیەمی یاسای ئەنجومەنی شوورای ھەرێم، کارەکانی ئەنجومەن بریتین لە: سەیرکردنی کێشە کارگێڕییەکان، زامنکردنی یەکێتیی یاسادانان، یەکگرتنەوەی بنچینەی داڕشتنی یاسادانان و زاراوە و دەستەواژەی یاسایی لە ھەرێمدا.

پێشووتر بەسام عەلی، یاساناس و مامۆستای زانکۆ ئەوەی ڕاگەیاندبوو، کە ئەم جۆر پەنابردن بۆ دەزگای یاسایی لە عێراقیش پێشینەی ھەیە، نموونەشەی بەوە ھێنایەوە کە جەلال تاڵەبانی لە مانگی 1ی 2005 بووە سەرکۆمار و لە مانگی 11ی 2010 بۆ جاری دووەم بووەتەوە سەرکۆمار، ئەوەش زیاتر بوو لەو ٤ ساڵ کە دیاری کرابوو. لەم کاتەدا دادگای دەستووری عێراق بڕیارێکی دەرکرد، کە بەپێی ئەو بڕیارە، داوای لە تاڵەبانی کرد لە پۆستەکەی بەردەوام بێت تاوەکو لایەنە سیاسییەکان لەسەر پێکھێنانی حکوومەت ڕێک دەکەون، تا جارێکی تر دەبێتەوە سەرکۆمار.











باسنيوز
Top