كاندیدێكی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا: عیراق دابه‌ش ده‌بێت و كورد هاوپه‌یمانێكی باشه‌

كاندیدێكی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا: عیراق دابه‌ش ده‌بێت و كورد هاوپه‌یمانێكی باشه‌
یه‌كێك له‌ كاندیده‌كانی پارتی كۆماریی ئه‌مریكا بۆ كێبڕكێی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی، له‌سه‌ر دابه‌شبوونی عیراق و هه‌ڵمه‌تی دژبه‌ رێكخراوی تیرۆرستیی داعش و دۆخی كورد رای خۆی ده‌ربڕی.

جۆن كاسیج، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كاندیده‌كانی كۆماریخوازه‌كان بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا به‌ تۆڕی سێ ئێن ئێن-ی راگه‌یاند: به‌زۆری عیراق بۆ سێ پارچه‌ دابه‌ش ده‌بێت، كوردیش هاوپه‌یمانێكی باشه‌ بۆ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا.

سه‌باره‌ت به‌ بڕیارێكی جۆرج بوش، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا له‌سه‌ر جه‌نگی عیراق، كاسیج رایگه‌یاند: "نه‌مویست خۆم له‌ قه‌ره‌ی دۆسیه‌ی عیراق بده‌م، به‌ڵام وه‌ك ده‌بینن له‌ كۆتاییدا عیراق ده‌بێت به‌ سێ پارچه‌."

ئه‌و كاندیده‌ی كۆماریخوازه‌كان وتیشی: "كورد هاوپه‌یانێكی باشه‌ بۆ ئه‌مریكا و پێویسه‌ له‌ هه‌ندێك بواردا هاوكارییان بكه‌ین، ئه‌مه‌ش ره‌نگه‌ ببێته‌هۆی دروستبوونی كێشه‌ بۆمان له‌گه‌ڵ توركیا."

سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی تیرۆریش، كاسیج وتی: "پێویسته‌ سه‌رجه‌م ئایینه‌كانی جیهان به‌ یه‌ك ده‌گه‌ن به‌ كه‌سێكی خۆكوژ بڵێن، كاتێك خۆت به‌ ژن و منداڵدا ده‌ته‌قێنیته‌وه‌ و واده‌زانیت به‌وه‌ ده‌چیت بۆ به‌هه‌شت، ئه‌وا بزانه‌ كه‌ تۆ شێتیت، خۆ ئه‌گه‌ر ده‌ستگیرت بكه‌ین، ئه‌وا تا ژیانت ماوه‌ له‌ زینداندا ده‌بیت."













خه‌ندان
Top