پارێزگارى هەولێر: پەرلەمانتاران هەر لە خۆیانەوە شت دروست دەكەن
(نەوزاد هادى)، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند "پەرلەمانتاران هەر لە خۆیانەوە شت دروست دەكەن و، بریارى سیاسیى پێشوەختیان هەیە."
دەربارەى چۆنیەتیى بێدەنگبوونى ئیدارەى هەولێر لەو پرِوپاگەندانەى كە پەرلەمانتاران لە دژیان دەیكەن، ئەگەر قسەى پەرلەمانتاران بنەماى نییە، (نەوزاد هادى) گوتى "بارودۆخە سیاسییەكە خۆى مەشحونە و وەزعەكە تەحەممولى شكات و شكاتكارى ناكات."
بەشێك لە راگەیاندنە كوردییەكان بڵاویان كردەوە، گوایە دەزگا ئەمنییەكانى هەولێر بە تۆمەتى تیرۆر بریارى دەستگیركردنیان بۆ (فەخرەدین قادر) سكرتێرى پەرلەمان و دوو پەرلەمانتارى كۆمەڵ دەركردووە، بەڵام (نەوزاد هادى) ئەو هەواڵانەى رەت كردنەوە و رایگەیاند "ئەگەر دۆسیەى ئەمنى بۆ ئەو پەرلەمانتارانە بكرایەتەوە، دەدرانە دادگا و مەسەلەكەیش راست نییە."
سەبارەت بەو مەترسیانەى لاى هەندێك پەرلەمانتار دروست بوون بەوەى لە كۆبوونە نائاساییەكەى رۆژى چوارشەممەدا لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانى هەولێرەوە گرفتیان بۆ دروست بكرێت، پارێزگارى هەولێردەڵێت "هەولێر دامودەزگاكانى و خەڵكەكەیشى پارێزراون و ئەو مەترسیانە ناواقیعین."
