جەعفەر ئیمێنکی: کۆبوونەوەکەی پەرلەمان نایاساییە
جەعفەر ئیمێنکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە ئاماژەدان بەوەی ئەو کۆبوونەوەیە نایاساییە رایگەیاند:" جەخت لەوە دەکەینەوە پرسەکان بە تەوافق تێپەڕێنین و ئەگەر دانیشتنە نائاساییەکە بکرێت نایاساییە".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان گوتی:" پێویست نەبوو ئەو کێشەیە دروستبکرێت ئێمە گرفتێکمان دروست کرد بە دەستی خۆمان کە پێویستی نەدەکرد، ئەوە گرفت نەبوو بەڵام ئێمە بۆخۆمان کردمانە گرفتێکی گەورە".
جەعفەر ئیمێنکی پێیوایە:" ئەگەر سازان نەبێت شەرعییەتی پەرلەمان تەواو نابێت، ئێمە سێ ئەندامی سەرۆکایەتی پەرلەمانین نابێ هەمیشە دوو ئەندام لەلایەک بێ و ئەندامێکی دیکە لەلایەک، هەمیشە پەرلەمان پێگەی سازان و رێککەوتن بووە نەک پێگەیەک بۆ لێکترازان".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان نیگەرانی پارتەکەی لەو دۆخەی کە ئێستا دروستبووە دەربڕی و رایگەیاند:" ئێمە لەو دۆخە نیگەرانین و بەبێ ریککەوتن ئەو پرسانە چارەسەر ناکرێ".
جەعفەر ئیمنێکی ئەدای سەرۆکایەتی پەرلەمانی لەپرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە ناسەرکەوتوو وەسف کرد و گوتی:" سەرۆکایەتی پەرلەمان سەرکەوتوو نەبوو لەمامەڵەکردن لەگەڵ پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان".
گوتیشی :" پرسی یاسایی و نایاسایی دانیشتنەکەی پەرلەمان لەسەر رێژەی یاسایی نییە، دەبێ بزانین سەرۆکایەتی پەرلەمان چۆن پێکهاتووە، ئێمە رۆژی یەکەم کە هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا بە کۆدەنگی بووە بە سازان بوو، ئێستایش دەبێ هەمووە پرسەکان بە سازان بێ، بۆیە دەڵێین دانیشتنەکە نایاساییە".
لەسەر هەڵوێستی پارتی لەئەگەری دەرچوونی یاساکە و کۆبوونەوەی پەرلەمان جەعفەر ئیمێنکی کە هاوکات گوتەبێژی پارتییە گوتی:" هەر یاسایەک لە پەرلەمان دەر بچێ بەبێ سازان و رێککەوتن لای ئێمە شەرعیەتی نییە و هەر یاسایەک رەهەندی نیشتمانی هەبێ بەبێ سازان قبوڵکراو نییە".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەسەر سەردانیکردنی کۆنسوڵخانەکان و نوێنەرانی وڵاتان بۆ پەرلەمانی کوردستان گوتی:" هاتن و پەرۆشی کۆنسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان جێگای رێزە و دەزانین لەپەرۆشیانە بۆ هەرێمی کوردستان، باڵیۆزخانەکان نیگەران و سەردان دەکەن و دەیانەوێ خۆمان ئەو کیشانە چارەسەر بکەین و داواکارن بگەینە رێککەوتن".
جەعفەر ئیمێنکی، کە وەک گوتەبێژی پارتی قسەی دەکرد گوتی: پارتی سەلماندی هێزێکی مەدەنییە و مەدەنیانە مامەڵەی لەگەڵ بارودۆخەکەدا کرد".
ئەو گوتیشی:" ئێمە ئومێدەوارین فراکسیۆنەکان بەخۆیاندا بچنەوە و یاسایەک بەسەر هاوبەشەکەی خۆیاندا نەسەپێنن".
رۆژی یەکشەممە 17-8-2015 (49) ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنەکانی یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو یاداشتی کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانیان دایە سەرۆکایەتی پەرلەمان.
ئەو پەرلەمانتارانە یاداشتێکیان واژۆکردووە و رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان کردووە بە مەبەستی دانیشتنێکی نائاسایی پەرلەمان سەبارەت بە هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، کە لە 29-7-2015 ئەندامانی یەکگرتوو، یەکێتی و گۆڕان لە لیژنەی یاسایی کۆبوونەوەو راپۆرتی خۆیان لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە نووسی بەبێ ئامادەبوونی پارتی.
رووداو
