پەرلەمان بۆته ئامێری ململانێی حزبەكان و نامانەوێت ئەو ئامێره سەرۆكمان بۆ هەڵبژێرێت

پەرلەمان بۆته ئامێری ململانێی حزبەكان و نامانەوێت ئەو ئامێره سەرۆكمان بۆ هەڵبژێرێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان شێخ نیاز ڕاغب دێگەیی بەرپرسی لقی هەولێری یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامى گوتی: لە دیدی زانایانی ئایینیەوە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بە فیكر زۆر سانایە، چونكە ئەوانەی بە هەندێ دروشم و هێمای ئاینی كاری تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، بۆ نموونە لەژێر ناوی وشەی(جیهاد و خەلافەت) شەڕیان بەرپا كردووە، شەڕەكەش بە تەنیا لە بەرانبەر گەلی كورد لە باشووری كوردستان نییە، بەڵكو لە دژی گەلانی تری ناوچەكەشە، لەمبارەیەوە ئەوەی ئەلف و بێیەك لە ئاین بزانێت، دەزانێت ئەو كردارانەی لەسەر هیچ و باطڵ بونیاد نراون، بە بەڵگەی ئەوەی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بە گشتی داوا لە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و لە موسڵمانانیش بە تایبەتی دەكات كە لە نێو خۆیانداو بەرانبەر بە یەكتر خانەوادەیەكی بە بەزەیی بن و زیان بە یەكتر نەگەیەنن و ژیان لە یەكتر تاڵ نەكەن، هیچ ئایەت و فەرموودەیەك نییە دەستی كەسێك ئاوەڵابكات بۆ سەربڕینی موسڵمانێك، پێغەمبەری ئیسلام(د.خ) فەرموویەتی هەر كەسێك وتی اشهد ان لا اله الا الله و اشهد ان محمدا رسول الله، شەرەف و نامووس و ماڵ و خوێنی بە دەستی موسڵمانانی تر حەرام دەكرێت، تەنانەت ئەوانەی كە بێباوەڕیش بن، مادام شەڕیان لەسەر تۆ ڕانەگەیاندبێت، بۆت نییە شەڕیان لە بەرانبەردا بكەیت، لەو حاڵەتەدا كوشتنی بێباوەڕێكیش هەر دروست نییە، ڕووبەڕووبوونەوەی فیكری داعش ئاسانە.



شێخ نیاز ڕاغب هەروەها گوتی: بۆ ڕێگەگرتن لە فیكري توندڕەو، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەك، هەروەها لایەنە سیاسیەكانی ناو هەرێمیش هەڵوێستی یەكلاكەرەوە وەربگرن، ئایا دەمانەوێت لە كوردستان موسڵمانێتی و پابەندبوون بە ئاینی ئیسلام بە گوێرەی ئەو پەروەردەیە بێت كە پێشتر میللەتی ئێمە پیادەیان كردووە، بەدرێژایی هەزار ساڵ لە وڵاتی ئێمەدا موسڵمانان و مەسیحیەكان پێكەوەژیاون، هەرچی سەركردەو زاناو ئەدیبێ بە فیكری ئاینی پەروەردە كرابێت، جگە لە خێر بۆ ئەم میللەتەو میللەتانی تریش چ شتێكی تریان نەبووە، ئایا ئەم ڕێچكە ئاشتیخوازانەیە بەردەوام بێت؟، یان بمانەوێت خەڵكانێك بێنە پێشەوە كە پەندو ڕێنمایی بە ناوی ئاینەوە بدەن و پەروەردەیەكی نادروستی گەنجانمان بكەن؟ تا لە دەرئەنجامدا هاوشێوەی داعش بەرهەم بێت.

شايانى باسه ڕاغب هەروەها گوتی: پێویستە لایەنە سیاسیەكان لەڕێی نفووزی حزبی و بانگەشەی هەڵبژاردنەوە لە ململانێكردنی یەكتردا دەست لە پشتی خەڵكانێك نەدەن كە لە ڕاستیدا بۆ داهاتوو نەك حزبەكەی خۆیان بەڵكو هەموو كۆمەڵگەش پێیانەوە زیانمەندبن و بڵاوبوونەوەی فیكری وەهابیەتی توندئاژۆ سەرهەڵبدات، وەهابیەت بوونەتە دوو بەشەوە، بەشێكیان هاوئاهەنگ بە كۆمەڵگەی خۆیان خەمخۆرانە هەنگاو دەهاوێژن، خەڵكانی توندڕەویشیان هەن كە ڕەفزی هەموو كەسێك دەكەنەوە، گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی، پرۆژەیەكیان پێیە دەیانەوێت بەس خۆیان هەبن، بەو شێوەیە یان دەبێت لەگەڵ ئەو بیت، یان دەبێت بمریت، هیچ بوارێك بۆ تێگەیشتن و گفتوگۆ ناهێڵێتەوە، وەهابیەتی توندئاژۆش لە هەر شوێنێ بن بەم شێوەیەیە، هەمان بۆچوونیان هەیە، پێویست ناكات لایەنە سیاسیەكان بۆ بەرژەوەندیی حزبی خۆیان دەست لە پشتی هەندێ خەڵكی توندڕەو بدەن، لە كوردستان بە درێژایی مێژوو هەمووان لەسەر ڕێبازی ئیمامی شافیعی پەروەردە بووین، كارەساتە شانەی رێكخستن هەبن، بە ناوی مەدرەسەی ئەحمەدی كوڕی حەنبەلی و دامودەزگای حكومی مۆڵەتیان پێدرابن، كە هۆكارن بۆ لێكترازانی بواری كۆمەڵگەیی و ئایینی، بە مەرجێك ئەو زانایانەی كە موسڵمانان لەسەر میتۆدی یەكتر قبوڵكردن و پێكەوەیی ژیان و لێبوردن ڕادێنن.

لە كۆتایی قسەكانیدا نیاز گوتی: میللەتی كورد لە بواری مێژووشدا وەك زۆر لە بوارەكانی تر ستەمی دەرهەق كراوە، ئاشكرانەكردن و بەدیارنەخستنی مێژووی درەوشاوەی گەلی كوردو كەڵەپیاوانی كورد بە تایبەت كە ئیسلام پاشخانی بیركردنەوەو هزرینیان بووە، هۆیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ بیركردنەوەی هەندێ كەسی ناو حزبەكانی كوردستان لە دژی ئایین، وا دەزانن ئەگەر زانایانی ئایینی لە ڕووی هزری نەتەوەیی یان لە ڕووی پێڕەوكردنی كاری سیاسی بهێنرێنە پێشەوە، ئیتر جێ بەوانی تر لەق دەبێت، بە نموونە نایانەوێت باسی پاشخانی پەروەردەیی كەسایەتیەكی وەك مەلامستەفای بارزانی بكەن كە لەبەردەستی شێخ عەبدولسەلام و شێخ ئەحمەدی بارزان پەروەردە بووە كە پاشخانێكی ئایینی بەرزیان هەبووە، چونكە ئەگەر بوارێكی باش بدرێت بە زانایانی ئایینی بۆ پێڕەوكردنی كاری هزری نەتەوەیی خۆیان، نەك بۆ پیادەكردنی كاری سیاسی لە چوارچێوەی ئەحزابی ئیسلامیدا، ئەوە زۆر كەڵەپیاو لە كوردستان سەریان هەڵدەدا، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانی بێت ئەوەیە هەندێ لە حزبەكانی كوردستان هەموو توانایان خستۆتە گەڕ بۆ خەفەكردن و شاردنەوەی ڕۆڵی كەڵەپیاوانی ئاینی لە ناو بزاڤی ڕزگاریخوازیدا.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1038)
Top