وەرچەخانی تەنگژه بۆ ئاشتییەكی بەەردەوام كاتێك دروست دەبێت كه هۆكاری سەرەكی كێشەكه باس بكرێت و سەرلەنوێ بیربكرێتەوه

وەرچەخانی تەنگژه بۆ ئاشتییەكی بەەردەوام كاتێك دروست دەبێت كه هۆكاری سەرەكی كێشەكه باس بكرێت و سەرلەنوێ بیربكرێتەوه
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان جەی مایكل گریگ پسپۆر له تەنگژەی مەدەنی و نێودەوڵەتی بۆ گوتى: یەکەم هەنگاو لەرووی رۆڵی ئیدارەدانی تەنگژه بۆ ئەوەی بەرەو ئاشتی بچێت ئەوەیە کە ئیدارەدانی تهنگژه ئامرازەکانی سنووردارکردنی ئاستی ناکۆکی لەناو کۆمەڵگەدا دابین دەکات و تەنانەت شەڕ لەنێوان لایەنەکاندا دەوەستێنێت و پاشان فرسەت دەدات بە لایەنەکان کە جارێکی تر بیربکەنەوە لەو مەسەلانەی کە بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لە نێوانیاندا. بۆیە تا زیاتر دوو لایەنەکە شەڕ لەگەڵ یەکتر بکەن و لە توندوتیژییەوە بگلێن، ئەوا زیاتر قورس دەبێت بۆیان کە جارێکی تر بیرلە مەسەلەکان بکەنەوە و لە بۆچوونی یەکتری تێبگەن و بگەنە ڕێگایەک کە گفتوگۆ بکەن و بگەن بەسازان لەبەرئەوەی توندوتیژی ڕادەوەستێت دوای گەیشتنی لایەنەكان به سازان. بۆیە ئیدارەدانی تەنگژه دەرگای کرانەوی پێویست دابین دەکات و ڕێدەدات هەردوولا سازش بۆ یەکتر بکەن و دواجار رۆڵی کۆتایی هێنان بە هۆکارە ریشەییەکانی تەنگژه دەگێڕێ.


جەی مایكل گریگ هەروەها گوتی: وەرچەرخانی تەنگژه کاتێک روودەدات کە لایەنەکانی تێوەگلاو لە تەنگژه جارێکی تر بیربکەنەوە لە ناکۆکی و لەلایەن هەموو ئەوانەی لە ناکۆکییەکەوە گلاون قسەی لەسەر بکرێت بۆئەوەی ببێتە کێشەیەک کە قسەی لەسەربکرێت. بۆیە ئەگەر بەم شێوەیە لەگەڵ تەنگژه مامەڵە بکرێت، ئەوا ڕێگە بە وەرچەرخانی کێشەکان دەدات چارەسەربکرێن لەلایەن هەموو ئەوخەڵکانەی کە لە تەنگژه و گلاون، ئەمەش دەبێتە دانانی بناغە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و هێنانەدی ئاشتیەكی دریژخایەن لەنێوان هەردوولادا. هەتا ئەمە روونەدات، هیچ هەوڵێک ناتوانێت سنوورێک بۆ توندوتیژییەکان دابنێت، تا بەڕاستی قسە لەسەر هۆکارە ڕیشەییەکانی تەنگژەكه نەکرێتەوە.


شايانى باسه گریگ هەروەها گوتی: کاتێک نەتەوەیەکگرتووەکان هەنگاوی ناوەندگیری، ئیدارەدانی تهنگژه یان پارێزەری ئاشتی دەدات، هەندێک جارئیرادەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەگەڵ قسەکانیدا یەکناگرێتەوە، لەبەرئەوەی ئەمە ئیلتیزامێکی ماوە درێژە کە پشتگیری دەکرێت بۆ چارەسەری تەنگژهكان، بۆیە شتێکی قورس دەبێت کە بڕیاری یەکلایکەرەوەی لەبارەوە دەربچێت یان ئاشتی یەکلاکەرەوە بکرێت. لە هەمان کاتدا لە دەرەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەدیهێنانی چارەسەرێکی ماوە درێژ، پێویستی بە ویستی ئەو لایەنانە هەیە کە لە ناکۆکییەکە تێوەگلاون بۆ ئەوەی گۆڕانی سیاسی پێویست و سازشی پێویست بکات بۆ ئەوەی ئەو جۆرە ئاشتییە ماوەدرێژە بەرهەم بێت. هەندێک جار ئەگەر ویست نەبێت لەنێوان هەندێک لە لایەنەکاندا، ئیتر بەهۆی سیاسییەوە یان ناکۆکییەکەوە.

لە كۆتایی قسەكانیدا مایكل هەروەها گوتی: فەرەنسا و ئەڵمانیا نموونەیەکی باشن لەو وڵاتانەی کە مێژوویەکی دوورودرێژیان لە شەڕو ناکۆکی هەبووە، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات جارێکی تر بیریان لە پێوەندییەکانیان کردەوە پاش جەنگی دووەمی جیهانیی، بێگومان رژێمە دیموکراتییە نوێیەکە کە لە ئەڵمانیا جێیگرتەوە ووردە ووردە شتەکانی گۆڕی و ڕێگەی دا کە جارێکی تر بیر لە پێوەندی نێوان هەردوولا بکرێتەوە. ئەمەش واته بەرژەوەندی هاوبەش بووە هۆی دامەزراندنی یەکێتی ئەوروپا و وای لێکردن کە یەک ئامانجی هاوبەشیان هەبێت و ڕێگەی پێدان کە دان بە بەرژەوەندیە هاوبەشەکانی یەکتردا بنێن و ئەمەش وایکرد بە ڕۆیشتنی کات یادگاری تەنگژهکانیان بسڕێتەوە و دووباره بیر له پەیوەندی نێوان فەڕەنسا و ئەڵمانیا بكرێتەوه له بری جەختكردنەوه لەسەر ناكۆكی درێژخایەنی نێوان هەردوولا.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1038)
Top