ئەمریکا بۆ کورد: لەبەر خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە یەکگرتوو بن

 ئەمریکا بۆ کورد: لەبەر خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە یەکگرتوو بن
برێت مەکگۆرک ، جێگری نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند کە:" ئەو ئێستا لە هەرێمی کوردستانە تا هانی سەرکردە کوردەکان بدات بۆ ئەوەی یەکگرتوو بن".

مەکگۆرک نووسیویەتی :ئێستا لە هەرێمی کوردستانم تا هانی یەکگرتوویی بدەم دژ بە شەڕی داعش و وەک وەفایەک بۆ خوێنی 1200 شەهیدی پێشمەرگە. تیرۆریستان سوود لە دووبەرەکی دەبینن".

ئەم پەیامەی مەکگۆرک، یەکەم پەیامی لەوشێوەیە لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە دەربارەی قەیرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 16-ی ئاب، برێت مەکگۆرک ، کە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە بۆ عێڕاق و ئێران و ، جێگری نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکایە بۆ شەڕی داعش، لە تورکیاوە گەیشتە هەولێر و یەکەم دیداریشی لەگەڵ دکتۆر بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سازدا.

ئەمە دووەم سەردانی مەکگۆرکە بۆ باشووری کوردستان لە ماوەی یەک هەفتەدا و چاوەڕواندەکرێت لەگەڵ سەرکردەی باڵای لایەنەکاندا کۆبێتەوە.

لە باشووری کوردستان پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ناکۆکی زەقی لە نێو لایەنە سیاسییەکان دروستکردووە، لەكاتێكدا تەنیا 3 رۆژ ماوەی یاسایی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی ماوە وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڵام لایەنەکان تاوەکو ئێستا نەگەیشتوون بە چارەسەرێک کە هەموو لایەک پێی رازیبن، لەو بەینەشدا چەندین شاندی وڵاتان هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و لایەنەکانیان بینیوە، لەوانە ئێران و تورکیا و ئەمریکا.












رووداو
Top