سەرۆك بارزانی: هیچ پیلانێك سەر ناگرێت كە یەكڕیزی و برایەتی خەڵكی كوردستان بكاتە ئامانج
بارزانی لەپەیامەکەدا لەبارەی پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت:" جەماوەری خۆشەویستی كوردستان و هەموو ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە پشت بە خوای گەورە لە كۆتاییدا ئیرادەی گەل و ئاشتی و برایەتی و راستگۆیی براوە دەبێت و هیچ پیلانێك سەر ناگرێت كە یەكڕیزی و برایەتی خەڵكی كوردستان بكاتە ئامانج".
دەقی پەیامی بارزانی:
پەیامی بارزانی لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەبۆنەی شەست و نۆهەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و كادیر و ئەندام و دۆست و لایەنگرانی پارتی و هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم.
لەم یادە پیرۆزەدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدە نەمرەكانمان دەنێرین كە بە خوێنی خۆیان داری ئازادی و سەربەرزیی گەلی كوردستانیان ژیاند و یادیان هەر بەرز و پیرۆز بێت. سڵاو بۆ ئەو شەهیدە قارەمانانە كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا مێژوویان بۆ گەلەكەیان تۆمار كرد و بە خوێنی خۆیان ئەفسانەی داعشیان شكاند و پارێزگاری لە كوردستان و هەموو مرۆڤایەتی دەكەن.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم پێزانینی خۆم بۆ ئەندام و لایەنگرانی پارتی ڕابگەیێنم و سوپاسی ڕۆحی نیشتیمانپەروەری و ئازایەتییان بكەم كە لە شەڕی دژی داعشدا كوردستان یان نەمانیان بە كردەوە پێشان دا و بە ئامادەبوونیان لە سەنگەرەكان و پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە ڕۆڵێكی گرینگیان لە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا بینی.
سوپاس بۆ ئێوەی خۆشەویست كە لە هەموو قۆناغە سەختەكانی ژیانی گەلەكەماندا ئەو پەڕی خۆڕاگری و كوردپەروەریتان نواندووە و تەحمولی سەختی و ئاوارەیی و ئێش و ئازارێكی زۆرتان كردووە.
گیانفیدایی بۆ پاراستنی كوردستان و دیموكراسی و سەربەخۆیی ئەو ئامانجە گرانبەهایانەن كە پارتی لەپێناویدا دامەزراوە و، بە دڵنیاییشەوە لە ئێستا و داهاتوودا پارتی دیموكراتی كوردستان وەك ئامرازێكی بەهێز بۆ گەییشتنی گەلی كوردستان بۆ ئەو ئامانجانە دەمێنێتەوە و پارێزەری ئەو دەستكەوتانە دەبێت كە لەگەڵ هێزە تێكۆشەرەكانی كوردستان ڕۆڵی سەرەكی لە بەدیهێنانیان گیڕاوە.
لە یادی شازدەی ئابدا بەڵێن لەگەڵ شەهیدەكانمان دووپات دەكەینەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان پارێزەری برایەتی و پێكەوەژیان و یەكڕیزی گەلی كوردستان دەبێت و دژی هەموو هەوڵێكیش دەوەستێتەوە كە بیەوێت لێكترازان و دوژمنایەتی لەنێو ڕیزەكانی گەلی كوردستان دروست بكات.
پارتی هەموو توانای خۆی بۆ ئاشتی و پاراستنی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان و فرەلایەنیی سیاسی و سەروەریی یاسا تەرخان دەكات و ئامانجی سەرەكیشی سەربەخۆیی و بەهێزتربوونی گەلی كوردستان دەبێت.
بۆ ئەوەی دواجار هەموو لایەكمان لە ئاشتیدا بژیین و گەلەكەمان ژیانێكی ئاسوودە و بەختەوەری هەبێت. هەر لایەنێكی سیاسیی كوردستان بڕوای بە ئاشتی و فرەلایەنی و پێكەوەیی و سەربەخۆیی گەلی كوردستان هەبێت برا و هەڤاڵ و هاوسەنگەری ئێمەیە و دەستی دۆستایەتی و برایەتی بۆ درێژ دەكەین.
سەبارەت بە قەیرانی سیاسیی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستانیش جەماوەری خۆشەویستی كوردستان و هەموو ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە پشت بە خوای گەورە لە كۆتاییدا ئیرادەی گەل و ئاشتی و برایەتی و ڕاستگۆیی براوە دەبێت و هیچ پیلانێك سەر ناگرێت كە یەكڕیزی و برایەتی خەڵكی كوردستان بكاتە ئامانج.
مسعود بارزانی
سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان
15ـی 8ـی 2015
