فراكسیۆنی پارتی لە بەغدا: تەنیا بە یەكگرتوویی دەتوانین بەسەر دوژمنانماندا سەر بكەوین

 فراكسیۆنی پارتی لە بەغدا: تەنیا بە یەكگرتوویی دەتوانین بەسەر دوژمنانماندا سەر بكەوین
فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێكدا كە بە بۆنەی 16ـی ئابەوە بڵاویان كردووەتەوە، وێڕای پیرۆزباییكردن لە (سەرۆك بارزانی) و و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی پارتی، جەختیان لە گرینگیی یەكڕیزیی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كردووەتەوە و ئاماژەیان داوە، "تەنیا بە یەكگرتوویی دەتوانین بەسەر دوژمنانماندا زاڵ بین و خاك و گەل و وڵاتمان بپارێزین".


ئەمەیش دەقەكەیەتی:
بە بۆنەی یادی (16)ـی ئاب، (69)ـیەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتیی دیموكراتی كوردستانەوە، ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی جەنابی (سەرۆك مەسعوود بارزانی) و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی پارتیمان و جەماوەری كوردستان دەكەین.

یادی دامەزراندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە كاتێكدایە كە گەلەكەمان ڕووبەڕووی هەڕەشە و پەلاماری تیرۆریستانی داعش دەبێتەوە و گەلەكەمان و هێزی پێشمەرگەی قارەمانیش بەوپەڕی تواناوە بەرگری لە خاكی كوردستان دەكەن و داستانی خۆڕاگری و گیانفیدایی تۆمار دەكەن.

دەمانەوێ لەم یادەدا جارێكی دیكە جەخت لە گرینگیی یەكڕیزیی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بكەینەوە، كە تەنیا بە یەكگرتوویی دەتوانین بەسەر دوژمنانماندا زاڵ بین و خاك وگەل و وڵاتمان بپارێزین، هەروەها پێویستە كاری یەكەمینمان پاراستنی كوردستان و بەرگریكردن بێت لە دانیشتووانەكەی، هەر وەك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەگەر و مەترسییەك ساز و ئامادە بین و ئەو هاوسۆزی و پاڵپشتییە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەیش كە ئەمڕۆ لە كوردستان و هێزی پێشمەرگە دەكرێت، بە ئاڕاستەی سەربەخۆیی و دەستكەوتی نیشتمانیی گەورەتری ببەین.

لەم یادەدا دووپاتی سۆز و وەفاداریمان بۆ رێبازی (بارزانی نەمر) دەكەین و بەڵێن بە خەڵكی كوردستان دەدەین داكۆكیكاری ماف و بەرژەوەندییەكانیان بین لە نێو تەلاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەرچی لە تواناماندا بێت بەوپەڕی دڵسۆزییەوە جێبەجێی بكەین.

فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق 15/8/2015








-KDP.-
Top