نێچیرڤان بارزانی: شنگال دەگەڕێنینەوە سەر هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی: شنگال دەگەڕێنینەوە سەر هەرێمی کوردستان
ئەمڕۆ بە ئامادە بوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێو ڕەسمی بەخاکسپاردنی ڕووفاتی ٦٧ کوردی ئێزدی کە بەدەست چەکدارانی داعش کۆمەڵکوژ کرابوون لە شەڕفەدین بەڕێوەچوو.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو ڕێوڕەسمە وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند؛ ئەوەی بەسەر کوردانی ئێزدی هات نیشانەیەکی دیکە لە مەزڵۆمییەتی کورد بوو و ئەو تاوانەی بە سەر ئەو شەهیدانە دا هاتووە هەم لە بەر کورد بوونیان و هەم لەبەر ئیزدی بوونیان بوو.

نێچیرڤان بارزانی لە درێژەی وتارەکەی دا گووتی: راستە دوژمن برینێکی دیکەیان لە دڵمان دروست کرد، بەڵام ئێمە لەنێونەچووین کوردی ئێزدیش لەنێونەچوون".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد لە بستێک خاکی شنگال و کوردستان خۆشنابین و هەموو گوند و دەڤەرەکان ڕزگار دەکەین.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاند " زیاتر لە ٢ هەزار و ٥٨ کوردی ئێزدی لەدەستی داعش رزگارکراون" ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد " هەتاکو کەسێکی ئێزدی لە دەستی داعش مابێت لەهەوڵدان بۆ رزگارکردنیان بەردەوام دەبین".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گووتی: دیسان شنگال ئاوەدان دەکەینەوە و دەیگەڕێنینەوە سەر هەرێمی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی بە کوردانی ئێزدی دا کە ئەو ئێش و سەرما و گەرما و ناخۆشیانەی ئەوان لەبیر ناکەن و هەوڵ دەدەن باری گوزەرانیان باشتر بکەن.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی وتارەکەی ئاماژەی بە کۆچی کوردانی ئێزدی بۆ دەرەوەی وڵات کرد و گووتی: " پێموایە رۆیشتن لە وڵات دروست نییە، چونکە ئێزدیایەتی لە شنگال و ناوچەی ئێزدییەکان دەکرێت نەوەک لە دەرەوەی وڵات". گوتیشی " ئێزدیایەتی و دین و کولتووری ئێزدیان لەسەر خاکی باوباپیرانیان ئەنجامدەدرێت"

Top