قۆناخی دووەمی "رزگارکردنی رومادی" دەستیپێکرد

 قۆناخی دووەمی
خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگری عێراق رایگەیاند: "قۆناخی دووەمی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی رزگارکردنەوەی شاری رومادی لە ژێر دەستی چەکدارانی داعش دەستیپێكردووە و هاوکات قۆناخی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەکانیشمان بە گەمارۆدانی ئەمنی تەواوی شارەكە كۆتاییهاتووە و چەکدارانی داعش لەرومادی توانای جموجۆڵی زیاتریان نەماوە".

وەزیری بەرگری عێراق گوتیشی "قۆناخی یەكەم لە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی شاری رومادی لە مانگی ئایاری رابردوو بە بەشداری هێزە ئەمنییەکان و هۆزەكانی سوننە و چەكدارانی حەشدی شەعبی بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستیپێكرد و توانی بەسەرکەوتووی ئەرکەکانی ئەنجامبدات".

عوبەیدی ئاماژەی بەوەشکردووە، کە قۆناخی دووەمی گرتنەوەی شاری رومادی دەستپێكردووە و هاوکات هێزە ئەمنییەکانیش لە سنووری پارێزگای ئەنبار لە پێشڕەویدان و چەکدارانی داعش لەپاشەکشێدان.

بەگوتەی وەزیری بەرگری عێراق، سوپا و پۆلیس و حەشدی شەعبی توانیویانە بە تەواوەتی شاری رومادی گەمارۆ بدەن و بەمەش قۆناغی یەكەمی گرتنەوەی شارەكە كۆتاییهات و قۆناخی دووەم دەستی بە ئەرکە سەربازییەکانی دەکات.

پارێزگای ئەنبار لە ژێر کۆنتڕۆڵی داعشە و لە 13-ی تەمموز ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەنبار دەستیپێکرد و ئێستا قۆناخی دووەمی راگەیەندرا.










رووداو
Top