هیوا میرزا سابیر: نەسازێین مەترسیی لێکترازان هەیە.. مەحموود محەممەد: با باوەڕیی کەس فەرز نەکرێ و، خەڵک بڕیار بدات

 هیوا میرزا سابیر: نەسازێین مەترسیی لێکترازان هەیە.. مەحموود محەممەد: با باوەڕیی کەس فەرز نەکرێ و، خەڵک بڕیار بدات
ئەندامی شاندی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان(هیوا میرزا سابیر) رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا لەگەڵ شاندی پارتیی دیموکراتی کوردستاندا، جەختمان کردەوە کە پێویستە ئەم کێشانەی ئێستا لە هەرێمدا هەن لە ڕێی سازانەوە کۆتاییان بێ، تا ناوماڵی کورد و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.

پاش کۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو ساز درا و دوو سەعاتێک گفتوگۆیان کرد، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز درا و تییدا (هیوا میرزا سابیر)، جەختی کردەوە لەوەی کە، پێویستە هەر لایەک لە بەشێک لە تێڕوانین و داواکانی داببەزێ تا بگەیەن بە سازان.
(میرزا سابیر) هەروەها گوتی، لە ٢٢ـی حوزێرانەوە داوامان کردووە کە ئەم بابەتانە دەبێ بە سازان چارە بکرێن و پێش کۆبوونەوەی پەرلەمانیش چارەیان بۆ بدۆزینەو، ئەگینا پاشەڕۆژێکی ڕۆشن چاوەڕێی هەرێم ناکات و لێکترازان دێتە ئاراوە. بۆیە پێویستە بسازێین و ناکۆکییەکان وەلا بنێین، چونکە کێشەگەلێکمان هەن لە سەروویانەوە شەڕی داعش کە هەڕەشەی جیددییە بەسەر هەرێمی کوردستانەوە.

هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئەندامی شاندی دانوستانکاری پاریتیی دیموکراتی کوردستان(مەحموود محەممەد) دووپاتی کردەوە کە، دانوستانەکانیان بەردەوام دەبن و هەوڵیشیان بۆ سازانی نیشتیمانییە، چونکە وەک ئەو ئەندامەی شاندی پارتی جەختی لێ کردەوە، پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم پرسێکە بە تاک تاکی کوردستانیان و کۆی لایەنەکانی بەشدار و دەرەوەی حکوومەت، هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنییشەوە پێوەستە.
هەروەها رایگەیاند، دەبێ بە شێنەیی دانوستان بکەین تا لە ڕێی سازان و لێکتێگەیشتنمانەوە چاکترین ژیان بۆ کوردستانیان دەبین بکەین.
(مەحموود محەممەد) جەختیشی لە باوەڕیی پارتی بۆ چۆنیەتیی چارەی کێشەکان کردەوە و دووپاتی کردەوە، هەڵبەت ڕای جیاواز لەبارەی چۆنیەتیی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمەوە هەیە، پارتی دەڵی با ڕاستەوخۆ و لە کایەن گەلەوە هەڵبژێردرێ، هەندێ لایەنیش دەڵین دەبێ لە پەرلەمانەوە بێ، بەڵام دەکرێ بیر و ڕاکانمان لە بارەی ڕێکخستنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم و، دەستەڵاتەکانی حکوومەت و پەرلەمان ڕێک بخەینەوە. بۆ ئەوەی کە ڕای هیچ یەکێکیش پێوەست بە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم فەرز نەکرێ، با بۆ ڕای گتی بگەڕێینەوە و با خەڵک بڕیار بدات و، خەڵکیش چ بڕیارێکی دا هەمووان پێیەوە پابەند بین.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاامژەیشی دا کە، پێمان وایە ئەم پرسانە چەندە یاسایین زیاتر سیاسین، ئاخر پێشتریش پرسە ڕەهەند نیشتیمانییەکان بە سازان و لە دەرەوەی پەرلەمانەوە بوون، دواتر پەرلەمان بەرگی یاسایی بەبەردا کردوون، عەجەبا ئێستا و بۆ ئەم پرسە گرینگ و نیشتیمانییە، هەندێ لایەن ناسازێن!
Top