هەدەپە ھانا بۆ سەرۆك بارزانی دەھێنێت
لە چەند ھەفتەی ڕابردوودا و دوای سێ ساڵ لە ئاگربەست و نزیکبوونەوە لە ڕێککەوتن و گەیشتنی ٨٠ پەرلەمانتاری (HDP) لە قۆناغی ئاشتیدا بە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، کە لە مێژوودا یەکەم جارە کورد بتوانێ ئەو پێوانەیە لە تورکیا بشکێنێ، بەڵام دواجار بەبێ تاقیکردنەوەی کارتەکانی HDP، پارتی کرێکارانی کوردستان PKK، بەرپرسیاریەتیی خۆی لە کوشتنی دوو پۆلیسی تورکیا ڕاگەیاند، بەدوای ئەوەشدا حکوومەتی تورکیا جاری شەڕکردنی لەگەڵ گەریلاکانی PKK لە شوێنە دیارەکەیان، لە قەندیلی باشووری کوردستان دەرکرد، کە بە ھۆیەوە بۆردوومانەکان لە سنوورە بێدەنگەکەی باشوور و باکووری کوردستان دەستی پێکردەوە و بە دەیان کەسی سڤیل شەھید و بریندار بوون و بە دەیان دۆنم زەویش لە باخ و باخاتی سنوورەکە سووتان، بەوەش ھیچ مانایەک بۆ ئاشتی لەو وڵاتە نەمایەوە.
ئێستاش دووبارە بۆ گەڕانەوە بۆ دانیشتنەکان و مێزی گفتوگۆ، کە پڕۆسەکە زەحمەتە و کورد وتەنی “ئەو فیشەکەی لە چەک دەرچوو، ناگەڕێتەوە”، ئەمەش وای کردووە تورکیا بە مەرج ئامادەی گەڕانەوە بۆ ئاشتی بێت و لە دەستپێکدا دەیەوێ PKK چەک دابنێ، لەکاتێکدا پێشتر چەکدانانی PKK، دوایین قۆناغی پڕۆسەی ئاشتی بووە.
لەم بارەیەوە ئیبراھیم کاڵن، وتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی (دەیلی سەباح)ی تورکیدا بڵاو کراوەتەوە ڕای گەیاندووە، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا بەندە بە مەسەلەی دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە. دەشڵێت: “لەکاتێکدا شەڕ لەئارادا بێت، دانوستان لەسەر پرسی ئاشتی ناکرێت”.
وتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئەوەشی نووسیوە کە: “وڵاتەکەی ئامانجی لێدانی کورد نییە، بەڵام بەرگری لە خۆی دەکات، ئەوەی لە ئێستاشدا ئەنجامی دەدات تەنیا لێدان و بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی پەکەکەیە”.
لەلایەکی دیکەش، ھەفتەی ڕابردوو مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی پارتی دیموکراتی گەلان بە سەرۆکایەتیی عوسمان بایدەمیر، پارلەمانتاری کورد لە تورکیا کرد.
بەپێی ھەواڵێکی سایتی فەرمیی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی شاندەکە داوای لە بارزانی کردووە ھەوڵەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی بخاتە گەڕ.
ئەوەشی دووپات کردووەتەوە کە ئەوان بە ھیچ شێوەیەک لایەنگری شەڕ نین و دەیانەوێ پڕۆسەی ئاشتی دەست پێ بکاتەوە.
(بارزانی)یش ڕای گەیاندووە، کە ئامادەیە لەپێناو دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، یارمەتیدەر بێت.
جێی باسە لە ماوەی پڕۆسەی ئاشتیدا تورکیا ساڵانە ٧ ملیار دۆلاری بۆ گەڕاوەتەوە و نوێنەرانی گەلی کوردیش لەو ماوەیەدا توانیویانە قەناعەت بە دەسەڵاتدارانی تورکیا بکەن، کە ددان بەوەدا بنێ لە تورکیادا نەتەوەی جیاواز دەژین و پێویستە مافەکانیان لە یاسا و دەستووری ئەو وڵاتەدا جێگیر بکرێ، بەڵام بە ھۆی ھاتنەئارای دووبارەی شەڕەوە، وا دەبینرێ تەواوی ئەو ریسەی کە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا ڕسترابوو، ببێتەوە بە خوری.
باسنیوز
