بەڕێز بارزانی كەسایەتیەكی مێژوویی و پێشمەرگەیەكی دێرینه
سەباح بەرزنجى هەروەها گوتی: بەشێكی زۆر له زانایانی ئایینی ئیسلام لەسەر ئاستی جیهاندا ئاماژه بۆ ئەوه دەكەن ئەو توندڕەوییەی له جیهادی سەلەفی قیتالی دروست بووه، بەرهەمی ژینگەیەكی خۆماڵی وڵاتانی عەرهەبیه، به دیوێكی دیكەدا هەن دەڵێن ئەم توندوتیژیه بەرهەمی مزگەوت و قوتابخانەكانی وڵاتانی عەرەبیه،بەشێك لەم كەلتوره دزەی كردۆته كوردستانیشەوە، چی بكەین بۆ ئەوەی كەلتورێكی هاوشێوە له كوردستانیشدا توندڕەوێتی بەرهەم بهێنێت؟
ـ من لەگەڵ ئەوەدا نیم بڵێین ئەمە بەرهەمی عەقڵی عەرەبیە، بەڵام دەكرێت بڵێین بەرهەمی عەقڵی بەداوەتی ئەعرابیە، بەرهەمی سادەییانە حاڵیبوونە لە ئایین، لە هەر شوێنێك كە مرۆڤ دۆگما بوو بێت، پیرۆزی دا بێت بە مەزهەبێك و فیكرێكی دیاریكراو، تۆلێرانس و زانستێكی لێبوردانەی وای پێ نەبێت، ڕەگ و ڕیشەی بیروبۆچوونەكانی توندڕەویی لا دروست دەبێ، چونكە لە ناخی هەموو مرۆڤێكدا وەك حەزرەتی یەعقوب دەفەرموێت(اخاف ان یأكله الذئب) وتی دەترسم گورگ یوسف بخوات، مەبەستی گورگە گیانلەبەرەكە نەبووە، بەڵكو مەبەستی لەوە بوو كە لە ناخی براكانیدا گورگێك هەبووە، ئەو گورگە پەلاماری یوسف بدات، لە ناخی هەر كەسێكدا ئەگەر ڕەوشت و ئایین و ئینسافی لەگەڵ نەبێت.
شايانى باسه بەرزنجى هەروەها گوتی: بە پێی شەریعەت و بە پێی هەموو ئایینە ئاسمانیەكان و شەریعەتە مرۆڤكردەكان، داكۆكیكردن لە ماڵ و خاك و نامووس و نیشتمان ئەركێكی شەرعیانەو نیشتمانیی پیرۆزە، ئەوەی كە پێشمەرگەكان پێی هەڵدەستن، لە ڕاستیدا ئەگەر سەحابەكانیش لە ژیاندا بوونایە وەك ئەوانیان دەكرد، بەرگرییان لە كەرامەت و حورمەتی گەلی كورد دەكرد، لەبەرئەوە پێویستە ئێمە بە هەموو شێوەیەك پاڵپشت بین بۆ ئەو برا پێشمەرگانەو دوعای سەلامەتییان بۆ بكەین و دوعای پلەی بەرز بۆ شەهیدان بكەین، خوای پەروەردگار بەرزترین پلەیان پێ ببەخشێت و سەبووری بە كەسوكاریان بدات، ئەوانیش بكاتە شەفاعەتكاری كەسوكاریان لەڕۆژی ئاخیرەتدا.
لە كۆتایی قسەكانیدا سەباح گوتی: هەموو نەتەوەیەك دەبێ سەرۆكی هەبێت، ئەو عەقڵی بیرمەندێتی و بەڕێوەبەری ئەو میللەتەیە، گەلی كوردستان بە بێ سەرۆك ناتوانێت پێكهاتە جیاوازەكانی لەژێر چەترێكدا كۆبكاتەوە، لە منداڵیمەوە كەسایەتی بەڕێز كاك مسعود بارزانی دەناسم، دیراسەتم كردووە و لە نزیكی دانیشتوم، كەسایەتیەكی مێژوویی و پێشمەرگەیەكی دێرینی كوردستانە، ئەو خۆی پێش هەر وەسفێك شانازی بە پێشمەرگایەتی دەكات، ئەمە شەرەفێكی گەورەیە كە سەرۆكی وڵات بە جوهدو هەوڵ و تێكۆشانی پێشمەرگەیی بووەتە سەرۆك، جگە لەو قووڵاییە مێژوویەو زەعامەتە ڕەمزیەی كە لە خوالێخۆشبوو مەلامستەفا بۆی ماوەتەوە، خۆیشی لەسەر ئاستی جیهان و هەرێمایەتی و كوردستان كەسایەتییەكی دیارە، لە مەرحوم مامۆستا شێخ محەمەدی بەرزنجی باوكمم بیستووە كە كاك مسعود بارزانی سەراپا ئەدەبە، ئەمانە ڕەصیدن بۆ ئەو پیاوە كە بە شایستەیی ببێتە سەرۆك، دڵنیاشم كە ئەو سازانەی كە پێویستە لە نێوان لایەنە سیاسیەكان لەسەر ئەم كەسایەتیە بەرزە دروست دەبێت و ئەویش لە جاران زیاترو بەرزتر ڕۆڵی خۆی لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و لە كۆكردنەوەی بیرو بۆچوونە جیاوازەكان دەبینێت و دوعای سەركەوتن و پایەداری بۆ دەكەین.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1037)
