ئەمەریكییەكان: بۆ ئێمە و بەرژەوەندیی کوردستان و ناوچەکەش، وا باشە بارزانی تاوەکو ھەڵبژاردنێکی دیکە لە پۆستەکەی بەردەوام بێ
ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە شاندێکی ئەمریکی کە پێکھاتبوون لە بێرت مەکۆرگ، یاریدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ستیوارد جۆنز، باڵوێزی وڵاتە یەکگرتووەکان لە عێراق و ماتیاس میتمان، کونسوڵی ئەمریکا لە ھەولێر، سەردانی ھەردوو بارەگای سەرەکیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بززوتنەوەی گۆڕانیان کرد لە سلێمانی.
لەلایەن یەکێتییەوە، کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پێشوازییان لێ کرا، لەلایەن گۆڕانیشەوە لەگەڵ ڕێکخەری گشتی، نەوشیروان مستەفا و چەند ھەڵسوڕاوێکی باڵای ئەو حزبە، کۆ بوونەوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆبوونەوەکان لە سلێمانیەوە ئاشکرای کرد، ئەمریکییەکان بەئاشکرا، بەو دوو حزبەیان گوتووە: ڕەنگە ئێوە بە شێوەیەکی لاوەکی و جوزئی سەیری شەڕی داعش بکەن، بەڵام شەڕی داعش لە کوردستان و عێراق پرسێکی جیددی و سەرەکییە و بەلای ئێمەوە لە پێش ئەوانی دیکەوەیە.
شاندەکە ڕاشیان گەیاندووە، کە ئەمریکا بۆ ئاییندە چەندین گۆڕانکاریی سیاسی و پلانی سەربازیی ھەیە بۆ ئازادکردنی موسڵ و شەڕی داعش، کە مەسعود بارزانی، سەرکردە و کاراکتەرێکی گرنگ دەبێت لەو گۆڕانکارییانەدا، لەبەرئەوە ئەوان پێیان باشە بارزانی تاوەکو ھەڵبژاردنێکی دیکە لە پۆستەکەی بەردەوام بێت، ئامادەیی خۆشیان نیشان داوە کە دوور لە دەستوەردان ھاوکاریی ھەموو لایەنەکان بکەن، کە لەسەر پرسی سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتەکان بگەن بە ڕێککەوتن، بە شێوەیەک کە بارزانی بۆ دوو ساڵی دیکە لە پۆستەکەی خۆیدا بەردەوام بێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، شاندەکەی ئەمریکا بە یەکێتیی نیشتمانی و گۆڕانیان ڕاگەیاندووە، کە ئەمریکا چ لە ڕووی دیبلۆماسی، چ لە ڕووی سەربازییەوە، ڕەنجی لەگەڵ بارودۆخی ھەرێمی کوردستاندا داوە. شاندەکە باسیان لە ھەوڵەکانی ئەمریکا کردووە لە کۆتاییھێنان بە شەڕی ناوخۆ، تا گەیشتنی بارودۆخەکە بە ئێستا، کە ئەمریکا ھەوڵێکی زۆر دەدات لە داکۆکیکردن و پاراستنی ھەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی قسەکانی ئەو سەرچاوەیە، شاندە ئەمریکاییەکە ئاماژەی بەوە داوە، کە ڕەزامەندیی تورکیا لەسەر بەکارھێنانی بنکەی ئینجەرلیک، بارودۆخی ھەرێم دەخاتە قۆناغێکی نوێوە و ھاندەرێکی زیاتر دەبێت بۆ ئەوەی ئەمریکا بتوانێت پارێزگاری لە ھەرێمی کوردستان بکات.
ئەو سەرچاوەیە جەخت لەسەر ئەوە دەکات، کە گرنگترین پەیامەکانی ئەمریکا لە سێ خاڵدا چڕ بووەتەوە، کە بریتین لە:
* ئەمریکا بە دوودڵییەوە سەیری ئەو ڕیزبەندییە سیاسییە دەکات، کە لەنێوان گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵدا، لە زۆنی سەوز دروست بووە و مۆرکی نزیکی لە ئێرانەوە پێوە دیارە.
* ئەمریکا بە دوودڵییەوە سەیری ئەو ھەوڵانە دەکات، کە بۆنی ئەوەیان لێ دێت ھەرێمی کوردستان بەرەو دووئیدارەیی ببەن.
* ئەمریکا پێیوایە، بۆ ھەرێمی کوردستان، پێشینەی بۆ شەڕی داعشە و سەرۆکی ھەرێمیش لە کارەکانی سەرکردایەتی کردن و دیبلۆماسییەتی قۆناغی شەڕی داعش و ھاوپەیمانیەتیی ئەمریکادا سەرکەوتوو بووە. بۆیە مانەوەی بارزانی لەو پۆستەدا بە گرنگ دەزانێت، بەتایبەت کە تا ئەم ساتەش، ھێشتا ئەمریکا ئەو کەسە ناناسن کە دوای بارزانی جێی دەگرێتەوە.
بەپێی زانیاریی ئەو سەرچاوەیە، شاندەکەی ئەمریکا بە تاڵەبانیان گوتووە، کە ئەمریکا پێ لەسەر ئەوەدا دەگرێت، کە سیاسەتەکانی یەکێتی ھاوسەنگ بێت، نەک باڵێکی یەکێتی و گۆڕان، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراندا بۆ ململانێی ناوخۆیی بەکار بێنن.
ھەروەھا سەرچاوە ئاگادارەکە ئەوەیشی خستە ڕوو، کە شاندی ئەمریکایی بە نەوشیروان مستەفایان گوتووە، کە ئەوان پێیان وابووە بزووتنەوەکەی ڕۆڵی ھاوسەنگی ڕاگرتن دەبینێت لەنێوان یەکێتی و پارتیدا، کەچی بەپێچەوانەوە، ئەوەی ئێستا گۆڕان دەیکات، لەلایەن ئەمریکاوە پرسیاری لەسەرە.
لەم بارەیەوە دوای کۆبوونەوەکان، میدیا فەرمییەکانی یەکێتی و گۆڕان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان ڕایان گەیاندووە، کە ئەمریکییەکان باسیان لە پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کردووە، لای خۆیەوە کۆسرەت ڕەسوڵ ئاماژەی بەوە داوە، کە یەکێتی ھەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا بوون بە گفتوگۆ و دانوستاندن و لە ڕێگای سازانێکی نیشتمانییەوە ئەو پرسە چارەسەر بکرێت، ئێستاش بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو مەترسییانەی ڕوویان لە کوردستان کردووە، لەگەڵ ئەوەدان لەم ماوە کورتەی کە ماوە، بە شێوەیەکی دیموکراسییانە و لە ڕێگای سازانەوە، سەرجەم حزب و لایەنەکان بگەنە چارەسەرێکی گونجاو و کۆتایی بەو قەیرانە بھێنرێت.
بەپێی میدیاکانی یەکێتی، شاندەکەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە ئەمریکا لەگەڵ سازان و چارەسەری سەرجەم پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی گەلی کوردن و بەڵێنی ھاوکاری و یارمەتییەکانی ئەمریکایان دووپات کردەوە بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕووبەڕوبونەوەی تیرۆریستاندا.
ھاوکات شاندە باڵاکەی ئەمریکا کە لەگەڵ ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆ بوونەتەوە، باسیان لە پرسی سەرۆکایەتی کردووە، بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیاکانی گۆڕان، پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێم و بەشداریکردنی پێشمەرگە لە ڕزگارکردنەوەی موسڵ، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکان بوون.
عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ (باس) ڕای گەیاند، ئەمریکییەکان بە حوکمی ئەزموونیان لەگەڵ کوردستان چ لە دەرەوە، یان شەڕی داعش، گرنگیی پێگەی (بارزانی)یان لە ڕووی سیاسی و سەربازی بۆ دەرکەوتووە و گوتی: ”ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە ئێستا ئەمریکا بۆ شەڕی داعش سەرکردایەتیی دەکات، پێویستی بەوە ھەیە لە ناوچەکە و لە کوردستان بە تایبەتی مەرجەعێک ھەبێت، ئەو مەرجەعەش خۆیان لە دانیشتنەکانیان لەگەڵ سەرکردەکانی خۆیان و خەڵکانی دیکە ئەوە ناشارنەوە، کە لە ڕووی سەربازییەوە پێویستییان بە ھاوپەیمانیی کورد ھەیە و گوتوویانە، کە نەک ڕازین بە بارزانی بۆ ئەو مەرجەعە، بەڵکو زۆر سەرسامیشن بە کارەکانی”.
ئەو بەرپرسەی پارتی ھێمای بۆ ئەوەش کرد، ئەمریکییەکان دەیانەوێ لە کوردستان لە ھەر پرسێکی سیاسی و سەربازی کە ھەبێت، مەرجەعێک ھەبێ تاوەکو تاوتوێی پرسەکەی لەگەڵ بکەن، دەشیانەوێ ئەو مەرجەعە زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەگەڵیدا بێت، بێگومان لەو دۆخەشدا تەنیا بارزانی یەکێکە لەو سەرکردانەی کورد لە ناوچەکە و لە شەڕی داعشیشدا پێگەی بارزانی باش ئەوەی دەرخستووە و گوتیشی: “بارزانی لەم ڕووەوە ھەم ھەماھەنگیی ئەمریکییەکان بووە، ھەم لە ڕووی مەیدانیشەوە خۆی لەناو پێشمەرگە بووە”.
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە کاک مەسعود خاڵی ھاوبەشە لەنێوان ھەموو پارچەکانی کوردستان و ئەوەش لە ھاوکاریی کۆبانێ و ڕۆژئاوا بەئاشکرا بۆ ئەمریکییەکان دەرکەوتووە، لەبەرئەوە بێگومان لەو دۆخەدا ئەمریکییەکانیش وێڕای ئەوەی کە نایانەوێ دەستوەردان بکەن، بەڵام مانەوەی بارزانی بە قازانجی ئەوانە.
باسنیوز
