وەزیری پێشمەرگە بانگهێشت دەکرێتە پەرلەمان
(باپیر کامەلا) ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لیژنەکە کۆ بووەوە و چەند پرسێکمان تاوتوێ کرد؛ لەوانە قەرزی ژنوژنخوازی (پێشینەی هاوسەرگیری) و بەرزکردنەوەی پلەی ئەو ١٣٠ ئەفسەرەی کاتی هاتووە بەرز بکرێنەوە و، بەیاننامەی فەرماندەکانی پێشمەرگە کە ئاراستەی هەرسێ سەرۆکایەتی هەرێمیان کردبوو، کە ئێمەش پشتگیریمان لێیان کرد و بەدواداچوون بۆ نووسراوی دانی زەوی بە ٢هەزار زیندانیی سیاسی."
دەیشڵێت: "لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بڕیار دراوە کە وەزیری پێشمەرگە بانگهێشت بکرێتە لیژنەکە بۆ ئەوەی پرسیاری ئەو پرسانەی لێ بکەین؛ بەو مەبەستە نووسراوێکمان ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە، بۆئەوەی لە ڕێگەی ئەوانەوە وەزیری پێشمەرگە بانگهێشت بکرێت."
(باپیر کامەلا) ڕوونیشی کردەوە، چاوەڕوان دەکرێت بە حەفتەیەک وهڵامی نووسراوەکەمان بدەنەوە و وەزیری پێشمەرگە و ستافێکی پەیوەندیدار بەو پرسانە بێنە پەرلەمان و ئەو پرسانەیان لەگەڵدا تاوتوێ بکەین.
