هاوژینی وەزیری نەوتى داعش لە هەولێر دادگایی دەكرێت
ئومێد موحسین، گوتەبێژی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان رایگەیاند " هێزەكانی ئەمریكا تۆمەتبار (نەسرین ئەسعەد عوبەیدی)یان رادەستی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كردووە، كە بە ئوم سەیاف ناسراوە و دەكاتە خێزانی ئەبو سەیاف، سەركردەی باڵای داعش، ئێستا بەبڕیاری دادوەری لە بەشی لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر راگیراوە".
ئومێد موحسین گوتیشی" ئەو ژنە رەگەزنامەی عێراقی هەیە و لە ساڵی 1990 لە بەغدا لەدایكبووە، لە 6ی ئابی 2015 رادەستی هەرێمی كوردستان كراوە، بەپێی ماددەی تیرۆر لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت، ئێمەش وەكو ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان سەرجەم مافە یاساییەكانی بۆ دەستەبەردەكەین، چ لە گرتنی پارێزەر یاخود دادگایكردنی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە، بۆیە چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەكەین".
گوتەبێژی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی یاساكانی هەرێمی كوردستان و عێراق ئەو ژنە لێكۆلێنەوەی لەگەڵ دەكرێت، دوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكانیش چاوەڕێی بڕیاری دادوەر دەكرێت بۆئەوەی رەوانەی دادگای تایبەتمەند بكرێت، یاخود ئازادبكرێت.
ئوم سەیاف، هاوسەری ئەبو سەیاف، سەركردەی دیاری داعش و وەزیری نەوتى گرووپەكە كە لە رۆژی 16/5/2015 بە فەرمانی باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكا، هێزێكی تایبەتی ئەمریكی لە سووریا ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتیان بە ئامانجی دەستگیركردنی نێوبراو و ژنەكەی ئەنجامدا. لەو ئۆپەراسیۆنەدا ئەبو سەیاف كوژرا و ژنەكەی دەستگیركرا، تەواوی ئەندامانی تیمی هێزە تایبەتەكەی ئەمریكاش بە سەلامەتی گەڕانەوە.
دوای دەستگیرکردنی، وابڵاوکرایەوە کە خێزانەكەی ئەبو سەیاف گەورەترین بازرگانی كڕین و فرۆشتنی كچانی ئێزدی بووە، تەنانەت لەو رۆژەدا كە ئەبو سەیاف كوژرا و ئەو دەستگیركرا، كچێكی ئێزدی كە كرابووە كەنیزەك لە ماڵەکەیاندا دۆزرایەوە، دواتر رادەستی خانەوادەكەی كرایەوە.
رووداو
