قەیرانی پەرلەمانی وادەكات خەڵك سیستمی پەرلەمانی لە بەرچاو بكەوێت و روو لە سەرۆكایەتی، یان نیمچە سەرۆكایەتی بكات
ولیام كراوسەر هەروەها گوتی: كێشەی دیموكراتی لەم بارەدا ئەوەیە كە خەڵكی بێزار دەبن لە سیاسەتی پەرلەمانی و زیاتر دەسەڵاتێكی بێسنووری سەرۆكیان دەوێت، تا بتوانێت كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكات، لەبەر ئەوەی ئەمە باشترە لە پەرلەمانێك كە نەتوانێت هیچ بڕیارێك بدات، دەرئەنجامی بێزاریی خەڵكیش ئەو دابەشبوونانەیە كە لە پەرلەماندا هەیە، كێشەكەش ئەوەیە پێدانی ئەو هەموو دەسەڵاتە بە تەنها بۆ یەك كەس، زۆر جار كێشە بۆ دیموكراتی دروست دەكات، وەك لە زۆربەی وڵاتانی پێشووی سۆڤیەتدا كە خەڵكی گەڕانەوە بۆ سەركردایەتییەكی ناوەندی، لە بەر بێزارییان لە سیاسەتی دیموكراتی لە پەرلەماندا كە نەیاندەتوانی رێگەچارەی سیاسی بدۆزنەوە بۆ كێشە جیاوازەكان. ئەمە چارەسەرێكی درێژخایەن نییە، چونكە كێشەی جیاوازی لێدەكەوێتەوە، بەڵام لە سیستەمی سەرۆكایەتی، یاخود سیستەمی نیمچە سەرۆكایەتی، یان سیستەمی پەرلەمانیمان هەیە. لە بارودۆخێكی ئاوادا كە باست كرد، بوونی سەركردایەتییەكی بەهێز لە بەڕێوەبردندا وەك لە سیستەمی نیمچە سەرۆكایەتیدا دەتوانێت یارمەتیدەرێكی زۆر باش بێت.
شايانى باسه كراوسەر هەروەها گوتی: نەبوونی پارتی دیموكراتی بەهێز، بەڕاستی ئەمە كێشەیەكی گەورەیە، ئەم پارتانە خۆیان لەناوخۆیاندا دیموكرات نین، یان پارتی كەسیین، یان پارتی ئیتنین، لە كۆمەڵگەیەكدا كە كێشەی ئیتنی زۆر مەترسیدارە، هەموو ئەمانە رێگرن لە بەردەم جێبەجێكردنی پرۆسەی دیموكراتی. بەبۆچوونی من، لەم حاڵەتەدا دەبێت ئیش زیاتر لەسەر پارتە سیاسییەكان بكرێت، بەوەی زیاتر لە ناوەوە دیموكراتی بن و پاشانیش لەسەر كۆمەڵگە لەسەر ئاستی لۆكاڵی كە خەڵكی باوەڕیان بە سەركردایەتییەكەیان هەیە. پاشان بە تیپەڕبوونی كات، ئومێدی گۆڕان دروست دەبیت، هەرچەندە ئەمە وەڵامێكی گەشبینانەی پرسیارەكەت نییە، بەڵام تەنیا وەڵامێكە كە من هەمە بۆ ئەم بارودۆخە، لەبەر ئەوەی ئیشكردن لەسەر ئاستی نیشتمانی زۆر زۆر قورسە لە ژێر ئەم جۆرە بارودۆخانەدا.
لە كۆتایی قسەكانیدا ولیام گوتی: تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و تەكنەلۆژیای نوێ بۆ كەوتنی رژێمەكان، بەشێكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە رژێمەكان خۆیان زۆر بەهێز نەبوون و بەر ئەو جۆرە كەوتنە كەوتوون. رژێمی بەهێز و لاوازمان هەیە، رژێمە بەهێزەكان وەك رژێمی ئەسەد دەبینین كە هەر نەكەوت و مایەوە، بۆیە، من پێموایە گێڕانەوەی دیموكراسی پاش رووخانی رژێمێك، پێوەندی بە نەبوونی كۆمەڵگەی مەدەنییەوە هەیە، ئەگەر خەڵكی بە باشی رێكخرابن لە كۆمەڵگەكانیاندا، ئەوا پاش رووخانی رژێمەكان ئەو بۆشاییە پڕ دەكەنەوە كە درووست دەبێت، بەڵام بەداخەوە لە زۆر لەو وڵاتانەی كە رژێم تیایدا رووخاوە، رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی بەهێزمان نییە، تا خۆیانی پێبگرنەوە.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1037)
