پێشبینی دەكەم ئەمریكا و هاوپەیمانان نەك هەر لە رووی سەربازییەوە بەڵكو لە رووی مرۆییشەوە زیاتر هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن

پێشبینی دەكەم ئەمریكا و هاوپەیمانان نەك هەر لە رووی سەربازییەوە بەڵكو لە رووی مرۆییشەوە زیاتر هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پڕۆفیسۆر ژوبین گودەرزی لە سەنتەر وۆردۆ وڵسن بۆ گوتى: لەجیهانی ئیسلامدا سوننە زۆرینەیە و شیعە كەمینەیە، شیعەكان زۆرینەن لە ئێران و عێراق و بەحرێن، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەمە لەسەر مەزهەب نییە، بەڵكو هەموو شتەكان لەسەر بەهێزكردنی دەسەڵاتی سیاسییە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ وەڵامی پرسیاری یەكەم، وتم كە هۆكاری سەرەكی هەموو كێشەكان رژێمە دەسەڵاتخوازەكان و نەبوونی دیموكراتیزەكردن و نوێنەرایەتییە، بۆیە لە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا كە زۆرینەی ئایینی و ئیتنی هەیە، دەسەڵات بەدەست كەمینەیەكی ئایینییەوەیە و ئایین بەكاردەهێندرێت وەك ئامرازێك بۆ سیاسەت، بابگەڕێینەوە بۆ عێراق لە سەردەمی بەعسدا كە كەمینەی سوننە حوكمڕانییان دەكرد و زۆرینەش شیعە بوون، یان لە سووریا كە كەمینەی شیعە فەرمانڕەوایی دەكات و سوننەش زۆرینەن. واتە زۆرینە هەستیان دەكرد پەراوێزخراون و ئایینیان كردە ئامرازێك بۆ گەیاندنی نیگەرانییەكانی خۆیان.

ژوبین گودەرزى هەروەها گوتی: هێزەكانی پێشمەرگە زۆر كاریگەرن لە بەرپەرچدانەوەی داعش، هەروەها یارمەتیان وەرگرتووە لە ئەمریكا و ئێران و ئێستاش كێشەتان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی هەیە و كێشەی ملیۆن و نیوێك ئاوارەی ناوخۆیی و پەنابەرتان هەیە. من پێموایە لە ناو عێراقدا گرنگە حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی هەوڵبدات بگاتە خۆگونجانێك لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا و كێشە و ناكۆكییەكان وەك هێزێك بەكارنەهێنێت بەهۆی ئەو بارودۆخە خراپەی كە رووبەڕووی كورد و عێراق و ناوچەكە بۆتەوە، ئەویش لە كاتی سەرهەڵدانی داعش، هاوكات پێموایە پێویستە رۆژئاوا و هێزە نێودەوڵەتییەكان زیاتر بێنە مەیدان و دەستەبەری یارمەتی مرۆیی و سەربازی بكەن بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و دڵنیایی بدەنە حكومەتی هەرێم بۆ ئەوەی بارگرانییەكی زیاتر لەسەر حكومەت و خەڵكەكە دروست نەبێت و بە تەنیا نەبن لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئاوارەكاندا.


شايانى باسه گودەرزى هەروەها گوتی: كاتێك لە ساڵی 2011 لە سووریا قەیران دروست بوو، توركیا داوای لە سووریا كرد كە كراوە بێت و سیستەمی سیاسی لیبڕاڵیزە بكات، بەڵام كاتێك رژێمی ئەسەد ئەمەی نەكرد و خۆپیشاندانەكانی سەركوت كرد، توركیا پشتگیری خۆپیشاندانەكانی لە رێی ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە كرد، پاشان بە تێپەڕبوونی كات ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە ماوەی چوار ساڵ و نیودا رادیكاڵتر بوون و بزووتنەوەی توندڕەویان لێدەرچوو، وەك بەرەی نوسرە و داعش و جەیش ئەلفەتح و لە و كاتەوە پشتگیری توركیا و قەتەر و سعودیەیان بەدەستهێنا. لەو كاتەوە توركیا بەشداری كردووە لە كێشەكانی ئێستای سوریادا و هەروەها توركەكان دوودڵ بوون لەوەی رێبدەن كوردانی عێراق یارمەتی بە كوردانی كۆبانێ بدەن.

لە كۆتایی قسەكانیدا ژوبین گوتی: داعش یەكێكە لەو هێزانەی شەڕ لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد دەكات، ئەمەش شتێكە كە لە دوورمەودا دەبێتە هۆی لەناوبردنی رژێمی ئەسەد، هەروەها لاوازكردنی ئێران، چونكە ئێران پاڵپشتی رژێمەكەی ئەسەد دەكات. من دڵنیا نیم كە ئایا بەڕاستی ئیدارەی ئەمریكی ناتوانێت بڕیار بدات، یان بۆ خۆی یارییەكی دوو سەرە دەكات.



بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1037)
Top