ئەگەر دەسەڵاتەكان هەموویان بدرێنە پەرلەمان پرۆسەی سیاسی رادەوەستێت و دەبێت ماندێلایەك راستی بكاتەوە
هەروەها بینگهام پاوڵ گوتی: نائارامیی حكوومی وادەكات بۆ پارتەكان قورس بێت ئەو بەڵێنانە جێبەجێبكەن كە لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا بە خەڵكانی خۆیان داوە. واتە ئەو پێوەندییە دەپچڕێنێت و هاونیشتمانییانیش ناڕەحەت دەبن بەو نائارامییە حوكمڕانییە. بۆیە دەبێت زۆر بەئاگا بین لەبەر ئەوەی نائارامیی حكوومی، بە مانای تەواو بە بنبەست گەیشتن دێت، یاخود تەنیا بە مانای سەرلەنوێ گۆڕینی هەمان ئەو تەرتیبەی پارتەكانە بە جیاوازییەكی كەمی ڕێكخستنەوە، كە زۆرجار لە ئیتاڵیا بینراوە. لە حاڵەتی دووەمدا، مەرج نییە مەسەلەكە پێوەندی هەبێت بە گۆڕانێكی سیاسی قورسەوە، هەرچەندە زۆرجار پێوەندی هەیە بە سیاسەت و دژوارییەكانی چارەسەری كێشەكان.
شايانى باسه پاوڵ گوتی: پێویستە زۆر بەئاگا بین لە قەیرانەكانی ناو سیستەمەكە و پێوەندی نێوان دژوارییەكانی پێكهێنانی حكومەت، جا چ حكومەتی تاك لایەنە، یان ئیئتلافی بێت، شتێك كە لە حاڵەتێكی لەو جۆرە ڕوودەدات، ئەوەیە كە هەندێك لە پارتەكان حكومەتێكی كەمینە پێكدەهێنن و دەگەڕێن بە شوێن هاوبەشێكی ئارامدا كە لە حكومەتدا نەبێت، بۆ ئەوەی لە دەرەوە پشتگیرییان بكات، ئەمەش بەگشتی لە سۆشیال دیموكراتەكانی سوید بینیومانە بۆ ساڵانێكی دوور و درێژ كە پشتیوانی كۆمۆنیستەكانیان لە دەرەوەی حكومەت بەدەستهێناوە، حكومەتەكەش نائارام نەبووە، هەرچەندە كەمینەش دروستی كردووە. بۆیە دەبێت زۆر وریا بین و جیاوازی بكەین لە نێوان ئەم دوو شتەدا، هەروەها حاڵەتی تریش هەیە كە حكومەتی كەمینە پشتیوانی تاكەكەسان لە ناو پارتە جیاوازەكاندا بەدەست دەهێنێت لە بارەی چەندین مەسەلەی سیاسیی جیاواز، وەك ئەوەی لە دانیمارك دەیبینین. بۆیە نەبوونی حكومەتی زۆرینە بۆخۆی مانای ئەوە نییە كە قەیران دروست ببێت.
لە درێژەی دیدارەكەیدا بینگهام گوتی: چاودێران و توێژەرانی زانستی زۆر ناهاوڕان لەسەر ئەم جۆرە پرسیارە، لە بەر ئەوەی پرسیارێكی زۆر قورسە، بەتایبەت كاتێك دەسەڵاتە جیاوازەكان هەمووی بدەی بە دەزگای یاسادانان، ئەوا بۆخۆی پەل دەكێشێت بۆ وەستانی پرۆسەی سیاسی، لەبەر ئەوەی ئەگەر هەموو دەسەڵاتەكان بدەی بە یەكێك لە ئەكتەرەكان، ئەوا هەموو شتەكان بە ئارەزووی ئەوان دەڕوات و بەرەنگاری ئۆپۆزسیۆن دەبنەوە كە بیەوێت چارەسەری كێشەكان بكات و لە بەرژەوەندیی تەنیا خۆیان ئیش دەكەن، بۆیە پێویستمان بە زۆر لە نیلسۆن ماندێلاكان دەبێت.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1037)
