سەرۆك بارزانی وەڵامی بانگەوازی پێشمەرگەكان دەداتەوە
یادداشتەكەتان گەییشت كە لەبارەی بارودۆخی هەنوكەیی كوردستان ئاراستەی ئێمە و خەڵكی كوردستانتان كرد بوو. ناوەڕۆكی بانگەوازەكەتان تەعبیر لە ڕای ئێمەیش دەكات و لەگەڵتاندا هاوڕام. پاڵپشتیی دواكارییەكەتان دەكەم و دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئێوەی قارەمان.
لەم دۆخە ناهەموارەدا پێویستە بە لەیەك تێگەییشتن و سازان، كێشە ناوخۆییەكانی خۆمان چارەسەر بكەین. زۆر ناخۆشە و نابێ بەدەستی خۆمان قەیران دروست بكەین و ببینە سەرچاوەی دڵەڕاوكێ و نیگەرانیی خەڵك. ئەوەی خوێنی شەهیدان و گیانفیدایی پێشمەرگە و مەترسییەكانی سەر وڵاتەكەی لەبەرچاو بێت هەرگیز دەست بۆ دروستكردنی قەیران نابات.
وەك پێشمەرگەیەك زۆر باش لە هەستی ئێوە دەكەم و شاهیدی قارەمانێتی و شەونخونیتانم بۆ بەرگریكردن لە شەرەف و كەرامەتی كوردستان. لە ئێشی دایكی شەهید و ئازار و ناڵەی بریندارن دەگەم و، دەزانم پێشمەرگە قارەمانەكانمان لەچ دۆخێك و بە چ گیانێك لە سەنگەرەكاندان و بەڕووی دوژمنێكی دڕندە وەستاون. ئێوە مایەی شانازین و پارێزەری كوردستانن. ئومێدەوارم ئێوە و خەڵكی كوردستان ڕێگە نەدەن چارەنووسی وڵات بەرەو ئاسۆیەكی نادیار بڕوات.
مسعود بارزانی
9ـی 8ـی 2015
