فرسەت سۆفی پێشنیازێکی نوێ بۆ پرسی سەرۆکایەتی هەرێم دەکات

فرسەت سۆفی پێشنیازێکی نوێ بۆ پرسی سەرۆکایەتی هەرێم دەکات
پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیازێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکات و داوا لە حزبە سیاسییەکانیش دەکات ”پێشوازیی لێ بکەن“.

فرسەت سۆفی، ئەندامی فراکسیۆنی زەردلە پەرلەمانی کوردستان، بە مالپەڕی فەرمیی حـزبەکەی راگەیاندووە، کە لەم بارودۆخەدا ”لە ھەموو کات پێویستترە، یەکریزی گەلەکەمان پارێزراو بێت و ھەموو ھێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەشدار بن لە دارشتنی ستراتیژییەتی ئەمرۆ و داھاتووی کوردستان“.

فرسەت سۆفی پێیوایە ”زۆر گرنگە“، کە ئەنجومەنێک بە ناوی ”ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی“ دروستبکرێت و پێکهاتە و دەسەڵاتەکانی، بە یاسایەک لە پەرلەمانی کوردستان، دیارییبکرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژە بەوەشدەدات، کە ”دەشکرێت“ ئەو ئەنجومەنە ”لە سەرۆکی ھەرێم و جێگرەکەی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەکەی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش و وەزیرانی پێشمەرگە، دارایی و ناوخۆ و سەرۆکی پەرلەمانیش“ پێکبێت.

لەبارەی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنەکە، فرسەت سۆفی باسی ”گرنگترین دەسەڵاتەکانی“ دەکات، کە پەیوەندیدارن بە ”پرسە ستراتیژییەکانی سیاسەتی دەرەوە، پێشمەرگە، ئابووری و چاکسازی“ و پێشیوایە دروستکردنی ئەم ئەنجومەنە، ”رێگە خۆشکەرێکی زۆر باشیش دەبێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم“.














باسنيوز
Top