سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە کەسوکاری قوربانییانی گوندی زارگەلی کرد
لە سەرەتای دیدارەکەدا فاتیحە بۆ گیانی پاکی شەهیدەکان خوێندرا. دواتر سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانیان، هاوخەمیی خۆی پێڕاگەیاندن و ڕایگەیاند: شەهیدەکان، شەهیدی ئێمەن، شەهیدی هەموو گەلی کوردستانن، شەهیدی شەڕێکن کە ئەوان لایەن نین تێیدا.
سەرۆک بارزانی هەروەها ڕایگەیاند: ئێمە کە ئەو هەموو هەوڵەمان دا بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بێت و شەڕ ڕوو نەدات، چونکە دەمانزانی ئەنجامی شەڕ ئەو کوشتار و ماڵوێرانییەیە، ئێمە دژی شەڕین و نابێ خەڵکی بێ گوناهـ بکرێتە قوربانیی ئەو شەڕ و ململانێیە. ئێستاش ئێمە بەردەوام لە هەوڵ داین بۆ ئەوەی جارێکی تر شەڕ بوەستێت و بگەڕینەوە بۆ ئاشتی.
سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: من زۆر باش هەست بە ئازار و مەینەتییەکانی ئێوە دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەم و ئازارەکانتان دەزانم، ئەگەرچی هەموو سامانی دنیا قەرەبووی دڵۆپە خوێنی بەناهەق ڕژاوی شەهیدەکان ناکاتەوە، بەڵام هەرچی لە دەستمان بێت بۆ قەرەبوو کردنەوەی زیانەکانتان دەیکەین و حکوومەتی هەرێمی کوردستانم ڕاسپاردووە هەرچی لە تونادا هەبێت بۆ چارەسەری بریندارەکان بکرێت.
دواتر کەسوکاری قوربانییان، سوپاسی سەرۆک بارزانییان کرد بۆ دیدارەکە و ڕایانگەیاند کە هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی و پەیامی هاوخەمییان و ئەم دیدارە لە خەمەکانی ئەوانی کەم کردەوە. ڕاشیانگەیاند: ئێمە لە دوای ڕاپەڕینەوە گوندەکانی خۆمان ئاوەدان کردەوە تا ژیانێکی ئاساییمان هەبێت و بەو ژیانە سادەیەش دڵخۆش بووین، کەچی بەداخەوە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو باجی شەڕێک دەدەین کە هی ئێمە نییە و دەیان قوربانیمان داوە و ژیانمان تێک جووە و ماڵمان وێران بووە. لەکاتێکدا چەندینجار داوامان لە PKK کردووە بارەگاکانیان لە گوندەکانمان دوور بخەنەوە تا ژیانمان نەکەوێتە مەترسی، کەچی گوێ لە دواکاریمان ناگیرێت و هیچ ساتێک لە ژیانی خۆمان دڵنیا نین.
کەسوکاری قوربانییانی زارگەلی ڕاشیانگەیاند: ئێستا ئێمە لەبەردەم دووڕیانێکداین: یا دەبێ بە لابردنی بارەگاکان ئەو شەڕە لە ئێمە دوور بخرێتەوە، یان ناچارین بۆ پاراستنی ژیانی خۆمان دەست لە زێد و خاکی خۆمان بەردەین و گوندەکانمان بەجێ بهێڵین و ئاوارەی شار و گوندەکانی دیکە بین.
هەر لە دیدارەکەدا کەسوکاری قوربانییان دڵگرانیی خۆیان لەوە دەربڕی کە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی موزایەدەی حزبی بە خوێنی شەهیدەکانەوە بکرێت و ڕایانگەیاند: ئێمە ئەوە بە بێڕێزی بە خوێنی شەهیدەکانمان دەزانین، ئەوانە شەهیدی هیچ حزبێک نین بەڵکوو شەهیدی هەموو کوردستانن، هیچ موزایەدەیەک برینی ئێمە ساڕێژ ناکات، ئێمە هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانین و ئەوەی بە کردەوە بە هانای ئێمەوە هاتووە سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوون.
کەسوکاری قوربانییان سوپاسگوزاریی خۆشیان بەرانبەر دامودەزگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند کە لە چارەسەرکردنی بریندارەکان و بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی ئەو ڕووداوە، هیچ درێخییان نەکردووە.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا کەسوکاری قوربانییان جارێکی دیکە هیوایان خواست ئاگری ئەو شەڕە لە گوندەکانی ئەوان دوور بخرێتەوە و چیتر خوێنی خەڵکی ئەو گوندانە بەناهەق نەڕژێت.
