شاندى ههدهپه داوا له سهرۆك بارزانى دهكات ههوڵ بۆ دهست پێ كردنهوهى پرۆسهى ئاشتى بدات
لە دیدارەكەدا سەرۆكی شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ پەرۆشی و هەوڵەكانی بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی شەهیدانی باكوور بۆ زێدی بابوباپیرانیان و هەروەها سەرەخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان و كەسوكاری ئەو هاووڵاتییە شەهیدانە كرد كە لە ئەنجامی بۆردومانی زارگەلی لە لایەن فڕۆكەكانی توركیاوە شەهید كران. هەروەها سەرۆكی شاندەكە، سەرۆك بارزانیی لە وردەكارییەكانی پرۆسەی سیاسیی توركیا و هۆكارەكانی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان سوپای توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئاگادار كردەوە و نیگەرانیی خۆشی نیشاندا لەوەی، قەیرانەكان قووڵتر ببنەوە و دەرفەتی ئاشتی لە كیس بچێت. بایدەمیر دووپاتیشی كردەوە، بە هیچ شێوەیەك لایەنگری شەڕ نین و دەیانەوێ پڕۆسەی ئاشتی دەست پێ بكاتەوە.
شاندی پارتی دیموكراتی گەلان وێڕای ستاییش كردنی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە چارەسەر كردنی گرفتەكان و پێشڤەبردنی پرۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان، داوایان كرد، سەرۆك بارزانی هەوڵەكانی بۆ دەست پێ كردنەوەی پرۆسەی ئاشتی بخاتەوە گەڕ.
لە بەرامبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و ڕایگەیاند: “گەلی كوردستان بە بێ خواستی خۆی دابەش كراوە و بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆی شەڕی كرد و توانی ناسنامەی خۆی بپارێزێت و ئێستا لە پێناو مسۆگەر كردنی دەستكەوت و بەرەوپێشوە چوونی دۆزی كورد، پێویستیمان بە ئاشتییە”. سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەی باس كرد كە ئەنجامی شەڕ ماڵوێرانی و كاولكارییە و ڕۆژێك شەڕ زووتر ڕابگیرێت، باشە و لە قازانجی هەموو لایەكە و بۆ سەرخستنی ئاشتییش پێویستە هەموو لایەك پاڵپشت و هاوكاری یەكتر بین. هەروەها ئاماژەشی بەوەدا كە بۆ پرۆسەی ئاشتی و نزیك كردنەوەی لایەنەكان، هەرێمی كوردستان هەوڵی زۆری داوە و ئەوەی لە دەستی هاتووە، كردوویەتی و ئێستاش ئامادەیە لەپێناو دەست پێ كردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، یارمەتیدەر بێت.
هەر لەم دیدارەدا هەڕەشەی بیری توندڕۆیی و تیرۆریستانی داعش لە سەر كوردستان و ناوچەكە تاوتوێ كرا و باس لە قارەمانێتی و بەرخودانی گەلی كورد لە بەرامبەر دوژمن و داگیركاران كرا و جەختیش لە پتەوتر كردنی برایەتی و تەبایی و یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییە كوردییەكان كرایەوە.
باسنيوز
