نێچیرڤان بارزانی: بۆ دەست پێ‌ كردنەوەی پرۆسەی ئاشتی ئامادەین هاوكاری توركیا و پەكەكە بكەین

نێچیرڤان بارزانی: بۆ دەست پێ‌ كردنەوەی پرۆسەی ئاشتی ئامادەین هاوكاری توركیا و پەكەكە بكەین
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6/8/2015، “نێچیرڤان بارزانی”، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بە سەرۆكایەتیی “عوسمان بایدەمیر” و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و نوێنەرانی هەدەپە لە هەرێمی كوردستان و توركیا كرد.

لە دیدارێكدا شاندی میوان سەرەتا سەرەخۆشیی خۆیان پێشكەش بە سەرۆكی حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد، بۆ شەهیدبوونی ژمارەیەك لە هاووڵاتییانی سڤیل لە ئەنجامی بۆمبابارانی هەفتەی ڕابردووی فڕۆكەكانی توركیا بۆ سەر گوندی زارگەڵی و جەختیان لەوە كردەوە كە ئامانجی سەردانەكەیان هەر بۆ لێكۆڵینەوەیە لەو بۆردومانە. تیشكیشیان خستە سەر بارودۆخی ئێستای كورد بە گشتی لە ناوچەكە و جەختیان لەوە كردەوە كە ڕەوشی گەلی كوردستان لە هەموو بەشەكانی كوردستان لە دۆخێكی ناسك دایە و پێویستە هەموو لایەك هاوكار و تەبا بن و یەكڕیزیی خۆیان بەرامبەر بەو مەترسییانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ناوچەكە بە گشتی و بە تایبەتی گەلی كوردستان بوونەتەوە، بپارێزن.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە دۆخی ئێستای پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و ئەو ئاڵۆزییانەی لە نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و دەوڵەتی توركیادا هاتووەتە ئاراوە، كرا و جەخت لە سەر ئەوە كرایەوە كە كێشەكان بە شەڕ و شێوازی سەربازی چارەسەر نابن و تەنها ئاشتی دەتوانێت كێشەكان چارەسەر بكات.

لەمبارەیەوە “نێچیرڤان بارزانی”، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە ئامادەیە ڕۆڵی خۆی بۆ بەردەوامیی پرۆسەی ئاشتی بگێڕێت و هەموو ئامادەیییەكی بۆ پێشكەش كردنی هەر هاوكارییەك لە پێناو دەست پێ كردنەوەی گفتوگۆكانی ئاشتی لە نێوان هەردوولادا، نیشان دا.

هاوكات سەرۆكوەزیران دەربارەی كەوتنەوەی قوربانی لە نێو خەڵكی سڤیلدا لە ئەنجامی ئاڵۆزییەكانی ئەم دوایییەی نێوان پەكەكە و توركیا، دووپاتی كردەوە كە دەبێت گەریلاكانی پەكەكە خۆیان لە ئاوەدانی و خەڵكی سڤیل دوور بخەنەوە و ناشبێت توركیا بەهۆی پەكەكەوە خەڵكی سڤیل بۆردومان بكات. هەروەها باسی لەوە كرد كە دوای ڕووداوەكانی ئەم دوایییە، ژمارەیەكی زۆری خەڵكی سڤیل لە ترسی بۆمباران هەڵاتوون و دێهات و ناوچەكانیان لە دەڤەرە سنوورییەكان جێهێشتووە.

نێچیرڤان بارزانی جارێكی دیكە داكۆكیی لەوە كردەوە كە ئەم كێشەیە بە شەڕ چارەسەر نابێت و داوای كرد، هەردوولا بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بگەڕێنەوە و بە شێوەیەكی ئاشتییانە كێشەكە چارەسەر بكەن.













bas
Top