سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق و شاندێكی یاوەری دەكات
لە دیدارەكەدا ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و هزری توندڕۆیی لە ناوچەكە خرایە بەر باس و جەخت لە پێویستیی كاری هاوبەش و هەماهەنگیی وڵاتانی ناوچەكە كرا بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان. هەروەها ئەوەیش دووپاتكرایەوە كە پێویستە لە تەك شەڕی سەربازیی دژی تیرۆر لەڕووی فكریشەوە شەڕی تیرۆر و هزری توندڕۆیی بكرێت.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە بارودۆخی ئابووریی عێراق و مەترسییەكانی تێكچوونی باری ئابووری لەسەر گوزەرانی هاووڵاتیان و كۆمەڵگەی عێراقی كرا.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو و تێیدا باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لەوە كردەوە كە پاراستنی ئاساییش و سەقامگیریی هەرێم بۆ وڵاتەكە جێگەی بایەخە.
