پرسی لێدانی سووریا کێشەی خستووەتە نیوان ڕووسیا و ئەمەریکاوە
“سێرگی لاورۆف” وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە وڵاتی قەتەر رایگەیاندووە، ئەگەر بێت و ئەمەریکا لە سوپای سووریا بدات، ئەوە بەرەی دژی داعش بەرەو لاوازی دەڕوات.
لاورۆف لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ جۆن کێری کە لە وڵاتی قەتەر ئەنجامی داوە، باسی لەوە کردووە کە ئەو هەوڵەی ئەمەریکا پێشێلکردنی رێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکانە و دەتوانێ لەمپەریش بێت لە هەمبەر دروست کردنی بەرەیەکی بەهێز بە دژی داعش.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کە وڵاتەکەی بە هاوپەیمانی بەشار ئەسەد دێتە ئەژمار وێرای هوشداری دان بە ئەمەریکا راشیگەیاندووە کە نابێ ئەمەریکا ئەو قسانە بە کردەوە ئەنجام بدات.
رۆژی رابردوو بەرپرسانی ئەمنیی پێنتاگۆنی ئەمەریکا رایگەیاندبوو، ئەگەر پێویست بکات بۆ پاراستنی گیانی دژبەرانی بەشار ئەسەد کە مەشقی سەربازییان پێکراوە، سوپای سووریا بوردومان دەکەن و باسیان لەوەش کردبوو کە ئەو بڕیارە لەلایەن سەرکۆماریی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە دراوە.
لێپرسراوانی پێنتاگۆن ئەوەشیان خستبووەڕوو. ئەمەریکا بە هیچ چەشنێک پشتیوانی لە گرووپە ملیشیاکانی لایەنگری بەشار ئەسەد نەکردووە و هەتا ئیستەش خۆی لەشەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ ئەوان بواردووە.
باسنیوز
