مەخموور... پێشمەرگە و فڕۆکە جەنگییەکان داعش بۆردوومان دەکەن
سەرچاوەیەکی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند " دوای ئەوەی چەکدارانی داعش پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە چەند مووشەکێکیان گرتنە مەخموور کە زیانی بەدواوە نەبوو، هێزەکانی پشتوانی یەکی پێشمەرگە وەڵامی داعشیان دایەوە و بە چڕی بنکەو بارەگاکانی داعشیان لە ناوچەکە بۆردوومانکرد".
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد كە دواتر فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانیش گوندی "فەتومە"یان بۆردوومانکردووە لە ناحیەی قەراج-ی سەر بە قەزای مەخموور و، فڕۆکەکانیش بەردەوام بە ئاسمانی ناوچەکە دەسووڕێنەوە.
سەرچاوەکە زیاتر روونیکردەوە، پێشمەرگە گوندەکانی مەهانە و کەرمردی نزیک گەیارەیان لە رۆژئاوای مەخموور و فڕۆکە جەنگییەکانیش گوندی فەتومەیان لە باشووری مەخموور بۆردوومانکردووە، بەگوێرەی زانیارییەکانیش کە لە نەخۆشخانەی گەیارە دەستکەوتوون، داعش کوژراو و برینداری هەیە.
رووداو
