سەرۆكی هەرێمی كوردستان توانیویەتی ئیدارەی شەڕێكی سەخت و دژوار لە دژی تیرۆریستان و مەرامی شاراوەی زۆر وڵاتانی دەوروبەر بكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان توانیویەتی ئیدارەی شەڕێكی سەخت و دژوار لە دژی تیرۆریستان و مەرامی شاراوەی زۆر وڵاتانی دەوروبەر بكات
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان دكتۆر عومەر مەلا حەسەن مرۆ: ڕاگری پەیمانگای زانستە ئیسلامییەكان و پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی رەشاد موفتی گوتی: لەمێژوودا دەیان زاناو بیرمەندو مامۆستای ئاینی لەناو میللەتی كورد هەڵكەوتووە، مزگەوت و حوجرەو شوێنی فەقێ كە لە تەواویی شارو گوندەكانی كوردستان دەبینرێت، گەواهیدەری ئەو ناوبانگیەی نەتەوەی كوردە لەناو ئیسلامدا كە رۆڵی چاكسازی و نیشتمانپەروەرانەی دیارو بەرچاویان هەبووە، ئەركی ئاین و نیشتمانپەروەرییان لێكتر جودا نەكردۆتەوە، زۆر لەسەركردەو شۆڕشگێڕەكانمان پەروەردەی مزگەوت و تەریقەتەكان و ئاینی پیرۆزی ئیسلام بوون، هەر لە شێخ ئەحمەدی بارزانی و شێخ مەحمودی حەفیدو قازی محەمەدو مەلا مستەفا، تا دەیان سەركردەو پیاوی گەورەی ئاینیی تر، كە رۆڵی باش و پیرۆزیان گێڕاوە چ بۆ ئاین و نەتەوەكەشیان، مەرجەعی خەڵك ئەو سەركردەو پیاوە ئاینیانە بووە، لەناوخۆدا تەنیا یەك مەزهەبی شافيعی لەسەر یەك عەقیدە كە عەقیدەی ئەشعەرییە، وایكردووە بێ جیاوازی یەك دەست و یەك ڕیز بێت، تەنانەت جیاوازییەكانیش ئەگەر هەبووایە كاریگەرییان نەبوو، بەپێچەوانەی ئێستا كە هەندێ لە خەڵكی ئێمە دەچێتە دەرەوەو فەتواو بیروبۆچوونی جیاواز وەردەگرێت، پێوەندییان بەئێمەوە نییه.


عومەر مەلا هەروەها گوتی: هەندێك لەو برایانەی حزبە ئیسلامییەكان لەگەڵ هەندێك لە بانگخوازەكانیان خۆیان كردووە بە بەدیلی مامۆستایانی ئاینی و فەتوا دەدەن و شت بڵاودەكەنەوە، ئەمەش وادەكات گوتاری ئاینی یەكگرتوو نەبێت و یەك ئاڕاستە وەرنەگرێت، تەنانەت هەر حزبێكی ئیسلامی لای خۆیەوە، مەكتەبی زانایانی ئاینی هەیەو لە یەكێتیی زانایانیش بەشدارییان هەیە پەرتەوازەیەكی مامۆستایانی ئاینی لێكەوتۆتەوە، نابێت مامۆستایانی ئاینی سەر بەهیچ حزب و گروپێك بن دادوەرو مامۆستایانی ئاینی بەتایبەتی وتاربێژەكان، ئەگەر حزبی بن لەكارو فرمانەكانیاندا ئاڕاستەو قسە لەحزبەكانیان وەردەگرن و جێبەجێی دەكەن، واتە دەبنە مەئمور، لەكاتێكدا مامۆستا دەبێت ئامر بێت و دژی خراپەكاری بێت و پاڵپشتی چاكسازیی بكات، تەنانەت توندوتیژی و ململانێی سیاسی و وەڵامی توند رژاوەتەوە ناو گوتاری مزگەوتەكانەوە، لەكاتێكدا مینبەری پێغەمبەر(د.خ )تایبەتمەندێتی خۆی هەیە، ئەركی مینبەر بڵاوكردنەوەی پەیامی خۆشەویستی و پێكەوەژیانە لەگەڵ بانگەوازی یەكڕیزی و ئاشتەوایی.


شايانى باسه مەلا حەسەن هەروەها گوتی: لەم دۆخەدا كە باسی دەستوور و دین و علمانیەت و سەرۆكایەتی هەرێم دەكرێت، میللەتەكەمان رووبەڕووی دوژمنێكی سەرسەختی تیرۆرستی بووەتەوە، ئەم باسانە گرفتی دروست كردووە، ناتوانین بڵێین مامۆستایانی ئاینی رۆڵێكی باش و گرنگیان نەبووە، بەڵام رۆڵەكەیان لە هەوڵی فەردی دەرنەچووە، گەرچی دەبووایە مامۆستایانی ئاینی رۆڵێكی جەماعیيان هەبووایە و بە یەك ئاڕاستە. بۆ نموونە بەئەركی سەرشانمان زانیوە كە لەسەر فیكری داعش قسە بكەین و بۆ گەنج و موسڵمانان روون بكەینەوە كە ئاینی ئیسلام ئاینی بەزەیی و نیعمەتە، بەپێچەوانەوە داعش فیتنەیە بە هەموو ئایەتەكانی قورئانی پیرۆزو فەرموودەكانی پێغەمبەر(د.خ)، جێگای داخە هەندێك لە مامۆستایانی ئاینی مزگەوتەكان، باسی خراپەكاری داعش ناكەن.

لە كۆتایی قسەكانیدا حەسەن مرۆ گوتی: هەر میللەتێك ئەگەر سەركردەیەكی بەهێزو بەتوانای نەبێت، كاروباری دنیای بۆ بەڕێوەناچێت، ئیبن قەیم دەگێڕێتەوە لە ئیمامی ئەحمەدی كە پرسیاری لێكراوە: دوو كەس هەیە دەمانەوێت یەكێكیان بكەین بە ئەمیری خۆمان، یەكێكیان زۆر بەئیمان و بەتەقوایە لەگەڵ خودا بەڵام دەسەڵاتی كەمەو كارا نییە، ئەوی تریان ئەو تەقوایەی تێدا نییە، بەڵام بەتواناو بەدەسەڵات و حەكیم و زانایە؛ لەوەڵامدا پێی وتن دووەمیان هەڵبژێرن، چونكە هەردووكیان تەقواكەیان لەنێوان خۆیان و خوای خۆیاندایە، بەڵام بەدەسەڵات و زاناكە، بۆ خزمەتی موسڵمانانە، چونكە كەسە بێ دەسەڵاتەكە بەخراپی دەگەڕێتەوە سەر ئومەتەكە ئەوی تریان حیكمەت و دەسەڵاتەكەی سوودی بۆتان دەبێت.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1036)
Top