سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە کەسوکاری شەهیدانی باکوور کرد
لە سەرەتای دیدارەکەدا کەسوکاری شەهیدەکان، سوپاسی خۆیان ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد کە هەوڵی بەردەوامی داوە بۆ ئەوەی حکوومەتی تورکیا ڕێگە بە گەڕانەوەی تەرمی ئەو شەهیدانە بدات بۆ زێدی خۆیان، هەروەها سوپاسی بەرپرسانی سەربازی و ئیداریی پارێزگەی دهۆک و هەردوو دەروازەی سنووریی پێشخابوور و ئیبراهیم خەلیلیان کرد کە زۆر هاوکاریان بوونە و تەرمی شەهیدەکانیان بە ڕێزەوە پاراستووە.
هەروها ڕایانگەیاند: بە باوەڕی ئێمە سەرۆک بارزانی بۆ هەرچوار پارچە هێمای ئومێد و ئاشتی و ئارامییە و هیوادارین لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا ڕێگە بە گەڕانەوەی تەرمی شەهیدەکان بۆزێدی خۆیان بدەن.
لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی کەسوکاری شەهیدان، ڕایگەیاند: ئەوانە شەهیدی ئێمەن و زۆر لای ئێمە ئازیزن، ئەو ئازیزانە لە شەڕی دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستیدا گیانی خۆیان بەخت کردووە و شەهیدی هەموو ماڵێکی کوردستان و هەموو مرۆڤایەتی و جیهانی ئازادن. بۆیە زۆر بەوە نیگەرانم کە تەرمەکانیان لە سەرسنوور ماوەتەوە و ڕایگەیاند: بێ گومان هەوڵەکانم بەردەوام دەبن و هیوادارم بتوانین مۆڵەتی گەڕانەوەیان بۆ وەربگرین. بەڵام ئەگەر تورکیا هەر ڕێگەی نەدا، ئەوە ئێرە ماڵی خۆتانە و ئەگەر ئێوە ڕەزامەند بن لێرە بە ڕێزەوە بە ئەمانەت بەخاکیان دەسپێرین.
سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاند: نامانەوێ نە خوێنی کورد بەدەستی کەس بڕژێت، نە خوێنی کەس بە دەستی کورد بڕژێت، سەدساڵە ئێمە وەک کورد بەرگرییمان لە پێناسەی خۆمان کردووە، بەرگرییمان لە پێناسەی خۆمان کرد و خۆمان پاراست و خوێنمان دا، دەمانەوێ بە ئاشتی بە مافەکانمان بگەین.
سەرۆک بارزانی هیوای خواست کە پرۆسەی ئاشتی لە باکوور بەردەوام بێت و تەئکیدی کردەوە کە ئەنجامی شەڕ ناخۆشی و وێرانکارییە، لە ئەنجامیشدا سەرکەوتن بۆ گەلی کوردستان دەبێت.
