قاسم سولەیمانی پەیامی ئێرانی لەبارەی بارزانییەوە گەیاندە گۆڕان و یەکێتی

 قاسم سولەیمانی پەیامی ئێرانی لەبارەی بارزانییەوە گەیاندە گۆڕان و یەکێتی
قاسم سولەیمانی بە هێرۆ ئیبر‌اهیم ئەحمەد و نەوشیروان مستەفای گوتووە "لەو بڕوایەداین کە پێویستە مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە". فەرماندەی هێزی قودس-ی سوپای پاسدارانی ئێران، کە چەند رۆژێک بە سەردان لەنێوان هەولێر و سلێمانی هاتوچۆی دەکرد، لەگەڵ سەرکردەکانی هەریەکە لە یەکێتی و گۆڕان و پارتی کۆبووەتەوە و هەڵوێستی دەوڵەتی ئێرانی سەبارەت بە کێشەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێڕاگەیاندوون.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کۆبوونەوەکان لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رايگەیاند: "قاسم سولەیمانی لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ هەریەکە لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و کۆسرەت رەسووڵ و بەرهەم ساڵح، هەروەها لەگەڵ نەوشیروان مستەفاش کۆبووەوە و پێیڕاگەیاندن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ مانەوەی بارزانیدایە لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان".

سەرچاوەکەی رووداو لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەوەشی ئاشکراکرد کە سولەیمانی بە سەرکردەکانی یەکێتی و گۆڕانی گوتووە: "کاتی ئەوە نییە هەرێمی کوردستان بە قەیرانی وەکو ئەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە سەرقاڵ بکرێت و پێویستە هەموو تواناکان یەکبخرێن بۆ شەڕی دژی داعش و ئەو تەحەدییانەی دیکە کە لەبەردەم هەرێمی کوردستاندان. چونکە ناوچەکە بەگشتی پێویستی بە ئارامییە و ئێرانیش لەگەڵ ئەو ئارامییەدایە". هەروەها سولەیمانی گوتوویەتی: "راست نییە کەسایەتییەکی وەکو مەسعود بارزانی بشکێندرێت و بخرێتە نێو ئەو جۆرە گەنگەشانەوە کە ئێستا لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دروستکراوە".

بەپێی زانیارییەکان سولەیمانی دوو جار، بەر لە چوونە سلێمانی و دوای گەڕانەوەی، سەردانی هەولێری کردووە و لەگەڵ هەریەکە لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە. لەو سەردانانەدا سولەیمانی هەمان هەڵوێست کە بە سەرکردایەتیی یەکێتی و گۆڕانی راگەیاندووە، بۆ هەردوو بارزانیشی دووپاتکردووەتەوە.

حەسەن باوەفا، جێگری سەرکۆنسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەبارەی سەردانەکەی سولەیمانی بۆ هەرێمی کوردستان، بە هەفتەنامەی (رووداو)ی راگەیاندووە: "ئاغای سولەیمانی کە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، باسی مەسەلەی ئاسایشی ناوچەکە دەکات، چونکە دوژمنانی ئێمە ئاسایشی ناوچەکەیان ناوێت".

سەبارەت بە کێشەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش، باوەفا هەڵوێستی دەوڵەتەکەی روونکردووەتەوە و رایگەیاندووە: "کێشەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کێشەیەکی نێوخۆییە و دەبێ لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان چارەسەربکرێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئێمە پشتگیری لە هەموو لایەنەکان دەکەین".

















رووداو
Top