ئەمریکا پاڵپشتی ئاسمانی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکات
بە گوێرەی لێدوانی گەورە بەرپرسێکی ئیدارەی باراک ئۆباما، گەر بێتوو ئۆپۆزسیۆنی سووریا رووبەڕووی هێرش و مەترسی ببنەوە، ئەمریکا لە ئاسمانەوە پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە دەکات و سەرۆکی ئەمریکاش واژۆی لەسەر ئەو بڕیارە کردووە.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات کە ئەمریکا هەفتەی رابردوو بۆردوومانی ئاسمانی لە سووریا ئەنجامدا، بەمەبەستی پاراستنی دوو گرووپی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە رووبەڕووی هێرش ببوونەوە.
بەرپرسانی ئەمریکا پێیانوایە، هێرشەکە بۆ سەر بەرەی نوسرە ئەنجامدراوە، کە گرووپێکی سەر بە رێکخراوی قاعیدەیە.
لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانی، ئەمریکا لە ئاسمانەوە هاوکاری یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگەی کرد و بۆردوومانی داعشی کرد، ئەمەش بووە فاکتەرێکی گرنگ بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی کۆبانی و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن یەپەگەوە.
ئەلیستێر باسکەی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی رایگەیاند، چەکدارانی ئۆپۆزیسیونی سووریا مەشق و راهێنانیان پێدەکرێت و پێویستی سەربازیان بۆ دابیندەکرێت ، بە مەبەستی پاڵپشتی کردنیان لە شەڕی دژ بەداعش.
رووداو
