سەرۆک بارزانی: برینداریم وای لێ کردم هەست بە برینی دڵی ئێزدیان بکەم.. تەواوبوونی ئێزدیخانە بە واتای تەواوبوونی کوردە
زۆری پێناچێ و شنگال دەگرینەوە ڕێگای بۆ دەکەینەوە. بەڵام چونکە پڕۆسەیەکی گەورە لەئارادایە و نامانەوێ پارچەی بکەین، بۆیە دەبێ چاوەڕێ بکەین، تا پڕۆسەکە بەرپا دەکرێ. ئەگینا هەروەک چۆن چیاکەمان ئازاد کرد شنگال و کۆی ناوچەکەمان ئازاد دەکرد، بەڵام چونکە پشتی قاییم نییە، نەمانکردووە.
(سەرۆک بارزانی) هاوکات ڕایگەیاند، ٢٠-١٢ بوو کە هاتمە سەر چیای شنگال و، بۆ من وەک ڕۆژێکی نوێ وابوو، ئەوانەی کە لە ئەوێ مابوون قارەمان بوون و ئەوانەی چیاکەیان ڕزگار کرد بینیمان کە چەندە قارەمان بوون.دەربارەی ئازادکردنی ناوچەگەلێکیش لەو دەڤەرە ڕایگەیاند، کردنەوەی ڕێگای سنوونێ و چیای شنگال و دەورووبەری بە خوێنی پێشمەرگە قارەمانەکان کراوەتەوە، هەڵبەت ئەو پێشمەرگانەیشی کە هەر لە چیا مابوونەوە و بەرگرییان کردبوو، جێی سەربەرزیی گەلەکەمانن.
(سەرۆک بارزانی) هەروەها ڕایگەیاند، کێشەی سەرەکی لە جیۆگرافیای کوردستانە، تا ئێمە پشتی خۆمان قایم نەکەین ناتوانین گەرەنتی بکەین کە دەتوانین شنگال ئازاد بکەین و دەتوانین بە ئاسوودەیی تێیدا دابنیشین. ئەو شوێنانەیشی کە ئازاد کراون، هەڵبەت بە هێز و بازوو و قوربانیدانی پێشمەرگە بووە، جارێکی دی دووچاری گرفت نابێتەوە.
(سەرۆک بارزانی) لە وتارەکەیدا لەو بۆنەیەدا هەروەها گوتی، بە (بابەشێخم) گوت بە هێندەی ئێوە ئازار دەچێژم و بریندار بووم.. پێیم گوت، ئێزدخانە تەواو نابێ، چونکە تەواوبوونی ئێزدخانە بە واتای تەواوبوونی کوردە.. ئێزدی کوردایەتییان پاراستووە، چونکە دینی کوردیی خۆیان پاراستووە، دابونەریتی خۆیان پاراستووە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتیشی کردەوە کە، ئەرکی ئێمەیە کە بایەخی زیاتر بە ئێزدییەکان بدەین. ڕوونە کە بە درێژایی مێژوو لە ڕووی نەتەوەیی و جڤاکییەوە کارەسات بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە و ئێمە ئەمە دەزانین، بەڵام دەخوازین ئێوە بە هیواوە بژین؛ ئەوەی کە بەسەر ئێزدییەکاندا هاوتوە بەسەر کۆی گەلی کورددا هاتووە. دوژمن و داگیرکارانیش ئیسپاتیان کرد کە نە نامووس نە ئەخلاقیان هەیە؛ ڕێک پێچەوانەی ئەوەی کە ئێزدی پێیان وایە نامووسیان چووە.خوا دەرفەتی داوە
بەڵێنیشی دا، ئەوانەی ئەو تاوانانەیان کردووە، لە هەر کوێیەک بن و تا یەک کەسیان مابێ، بەسەریانەوە ناچێ، بەڵام لە ڕێی یاساوە، چونکە ئێمە مەردانە تۆڵەی خۆمان دەکەینەوە؛ ئەوە ڕەوشتی کوردە کە تۆڵەی نابەرپرسانە ناکاتەوە.زیاتر گوتی، لە چوارچێوەی تۆڵەدا ئێمە نایکەین بە شەڕی نەتەوە و ئایین، بەڵام دەبێ تاوانکاران بە سزای خۆیان وەربگرن.هەروەها رایگەیاند، زۆر زۆرداریمان بەسەر گەلی خۆماندا دیوە، بەڵام کارەساتی ئێزدیان بە هێندەی هەموویان دڵی منیان بریندار کرد. برینداریی من وای لێکردم هەست بە برینداریی ئێوە بکەم.
ئەو سەدان شەهید و قوربانییەی کە لەپێناو شنگالدا داومانە لەپێناو ئێوەدا بووە، بەڵام نەگرتنەوەی پێوەندی بەوەوە هەیە کە پشتی قاییم نییە و ئەمە خەلەلی نەگرتنەوەیەتی.
سەبارەت بە شنگال و شنگالییەکانیش گوتی، ژیانێکی باش بۆ دەڤەری شنگال یەکێک دەبێ لە کارە لەپێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
گوتیشی، دەبێ ئێزدییەکان ئەو باوەڕەیان بە خۆیان هەبێ کە لە دین و زمان و نەریتی خۆیدا ئازاد بێ، بەو هیوایەیشین کە دوژمنانی ئێزدی بکەونە بن پێی ئێزدییەکانەوە.
ئاماژەیشی دا، لە کۆی سەردانەکانمان بۆ دەرەوە و پێشوازیمان لە شاندەکانی وڵاتان، باسی ئێزدییەکان کراوە.(سەرۆک بارزانی) هەروەها دەڵێ، بانگەوازی بۆ کۆی هۆزەکانی عەرەب دەکەین تا ئەگەر هاوکار بن لە ئازادکردنی منداڵێکی ئێزدیدا، کە ئەمە بکەن چاکەی ئەوان لەبیر ناکەین، بەڵام ئەوەی دەستی بۆ نامووسی ئێمە بردووە، بچێتە هەر کونجێکی ئەم دنیایە لە دوای نابینەوە تا تۆڵەی خۆمانی لێ نەکەینەوە.
(سەرۆک بارزانی) هاوکات گوتی، هەرچی لە دەستمان هاتبێ بۆ خوشک و برا ئێزدییەکان کردوومانە و دەیشیکەین، خۆزگە توانیبامانە زیاتریان بۆ بکەین.. بەر لە هەر شتێک دەبێ ئەو باوەڕەتان پتەو بێ کە ئێرە وڵاتی ئێوەیە. هەڵبەت دوژمن لە قۆناخە جیاکاندا ناوچەی کوردستان نەماوە دوژمنان زیانی پێ نەگەیەنن، هەروەک چۆن ئێزدییەکان زیانیان پێ گەیەندراوە، ئومێد بە پاشەڕۆژی گەشتان لە دەست مەدەن چونکە زاڵم نامێنێ.
