پەیامێک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

پەیامێک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵیک بەسەر ”کارەساتی شنگال“دا، پەیامێکی بڵاوکردەوە و بەڵێنێکیش بە خەڵکی ناوچەکە دەدات.

لە پەیامەکەیدا، حکوومەتی هەرێم بەڵێن بە خەڵکی شنگال دەدات، بەوەی لە ھەوڵەکانی ”بەردەوام دەبێت“ بۆ رزگارکردنی ئێزدییە رفێنراوەکان لەلایەن چەکدارانی رێکراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ـەوە.

دەقی پەیامەکەی ئەنجومەنی وەزیران:

بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر کارەساتی شەنگال کە تێیدا تیرۆرستانی داعش ئەو شارەیان داگیرکرد و ژمارەیەکی یەکجار زۆری خەڵکی دەڤەرەکەیان بە تایبەتی لە کوردانی ئێزدی جینۆساید و دەستگیر کرد و بە ھەزاران کەسی دیکەشیان ئاوارە و دەربەدر کرد، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لێدوانێکی ڕاگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بەبۆنەی ساڵوەگەڕی داگیرکردنی شاری شەنگال و دەوروبەری لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە کە لە رۆژی ٣/٨/٢٠١٤ تیرۆریستانی داعش ھێرشیان کردە سەر ئەو شارە و گوندەکانی دەوروبەری و بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە ژمارەیەکی زۆری ھاوڵاتیانی دەڤەرەکەیان بە تایبەتی کوردانی ئێزدی جینۆساید و دەستگیر کرد و بە ھەزارانی دیکەشیان ئاوارە و دەربەدەر کرد، لەم ڕۆژە خەمناکەدا ھاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆمان بۆ کەس و کاری شەھیدان و جینۆسایدکراوانی ئەو کارەساتە ڕادەگەیەنین.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تا ڕادەیەکی باش لە ھەوڵەکانی بۆ ڕزگارکردنی ئەو خوشک و برا ئێزدیانەی لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە رفێنراوان، سەرکەوتوو بووە و لە ھەوڵەکانیشی بەردەوام دەبێت بۆ ڕزگار کردنی ئەوانەی تا ئێستا لە دەستی تیرۆرستانی داعشدا ماون. لەلایەکی دیکەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش کاری زۆری کردووە بۆ بە جینۆساید ناساندنی کارەساتی شەنگال و لە ھەوڵەکانی بەردەوامە و لەمبارەیەشەوە چی پێویست بێت دەیکات. جەختیش لەوە دەکەینەوە کە بە ھەموو شێوەیەک لە ھاوکاریی کردنی ئەو ئاوارانە بەردەوام دەبێن کە ئێستا لە دەڤەرە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان لە ناو کەمپەکاندا ژیان بەسەر دەبەن.

جێگەی خۆیەتی دەستخۆشیی لە پێشمەرگە قارەمانەکان بکەین کە بەوپەڕی نەبەردی و ئازایەتییەوە لە ڕزگار کردنی ئەو دەڤەرانەی لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە داگیرکرابوون، بەردەوامە و ڕووبەڕێکی فراوانی ئەو دەڤەرانەی لە دەستی تیرۆر ڕزگار کردووە و بەھیوای ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا شاری شنگال بە تەواوەتی لە دەستی تیرۆرستان ڕزگار بکرێت و خەڵکی دەڤەرەکە بە سەربەرزی و بەوپەڕی ڕێز و حورمەتەوە بگەڕێنەوە سەر جێگە و ڕێگەی خۆیان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە ھاوکاری کردنیان بەردەوام دەبێت.

بۆ ڕێزگرتن لە کیانی شەھیدان و جینۆسایدکراوان و ستەمدیدانی ئەو کارەساتە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٣/٨/٢٠١٥ لە ھەموو دەزگاکانی سەر بە حکوومەت، دوو خولەک بێ دەنگی دەنوێنرێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان

٢/٨/٢٠١٥
Top