رەگ و ریشەی كەلتووری، هەردەم توندڕەوی و سەختگیری و زێدەڕۆیی لە جیهانی ئیسلامیدا دێنێتە بەرهەم
محەمەد سەبیلا هەروەها گوتی: لە سەرەتای سەدەكان بزووتنەوەی وەهابی و ئیخوان و هەندێ گرووپی توندڕەوی لایەنگرو پشتیوانی خەواریج دروست بوون، بە تێپەڕین بە هزری (ئیبن تەیمییە) كە لە بەشێكیدا هزرێكی (ئیجتیهادی)یە، بەڵام بە دیوێكیشدا هزرێكی (جیهادی)یە. پاشان ئەو بیرۆكانە پەرەیان سەند و رەنگە بووبنە مایەی دروست بوونی حاڵەتی ئامادە كردن و بەڕێ كردنی شەڕوانانی ئیسلامی (جیهادی). سەرەتا وەك قۆناغی یەكەم، لە ئەفغانستان بۆ شەڕی دژ بە داكشانی كۆمۆنیزم لە ئەفغانستاندا دروست بوون. لە قۆناغێكی دیكەشدا لەگەڵ بەرپا بوونی شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا پتەوتر بوون، كە بووە مایەی بەهێز بوونی رەوتگەلی توندڕەوی ئیسلامی و بوو بە چاوگێك بۆ ئەوان. قۆناغی سێیەمیش لەگەڵ داگیركردنی عێراق دەست پێ دەكات. هەر دەبێ ئاماژە بە رژێمی پێشووی عێراقیش بكەین، كە سوپای پڕچەك كردو(الله أكبر)ی خستە سەر ئاڵای عێراق، سەرباری داگیركردنی عێراق و كۆنتڕۆڵ كردنی رابوونی شیعە لەو وڵاتەدا لە لایەن ئێرانەوە.
شايانى باسه سەبیلا هەروەها گوتی: هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەرێميی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەیە، دووەم لە نێو بژاردەی رۆشنبیریی عەرەبیشدا هۆشیاری روو لە هەڵكشاندایە، هەروەها هەست كردن بەوەی كە ئەم مەترسییە لە دەرگامان دەدات و لە نێو ماڵی خۆشماندایە، لە نێو كراس و كەوای خۆماندا خۆی مەڵاس داوە. شەرم كردن لە ئاست ئەوەی هەست دەكەین ئەو توندڕەوییە زادەی ئایینە، بەرەنجامی لێكدانەوەیەكی دیاری كراوە بۆ ئایین. خۆ لە لایەكی دیكەشەوە ویستێك هەیە بۆ لەناو بردنی ئەو دەردە، جا چ لە رێی هاوپەیمانیی هەرێمییەوە بێت یان نێودەوڵەتی، یان هەوڵی سیاسیانە و ویستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بۆ لەناو بردنی تیرۆری توندڕەو بە ناوی ئایینەوە. هەڵبەت هاوشانی ئەوە لە جیهانی ئیسلامیدا وردە وردە گەشەیەكی خود هوشیاری هەیە، بەوەی لە نێو دووتوێی كەلتووری ئێمەدا شتێك هاتە بەرهەم، كە پێویستی بە پێداچوونەوەی خود و واز هێنان لەو كەلتوورە هەیە كە چووەتە سەر ملی جیهانی ئیسلامى.
لە درێژەی قسەكانیدا محەمەد گوتی: ماوەی خوێن و دووبەرەكی رەنگە دەیان ساڵ درێژە بكێشێت، چونكە ئەو دەرهاویشتانەی باسیان دەكەین زادەی خەیاڵ نین بەڵكوو لە واقیعدا هەن، حاڵەتی خوێن رشتن و ململانێ بۆی هەیە دە تا بیست ساڵ درێژە بكێشێت، چونكە ئەوە بەرهەمی دیكتاتۆریەتی خۆبەخۆی عەرەبە. بە داخەوە ئامانجەكانی بەهاری عەرەب بە ئاكام نەگەیشتن، چونكە دەرهاویشتەی ناوخۆ و دەرەكی و هەرێمیی هاتە نێوییەوە و بۆڕ درا. بەهاری عەرەبیش لە لایەن ئیسلامی توندڕەوەوە قۆرخ كرا، وەك ئیخوانی موسلمین لە میسر، هەڵبەت میسری ئەمڕۆ توانیی خۆی رزگار بكات، بەڵام دەوڵەتانی دی كەوتنە نێو ئەو تەڵە و داوەوە. كەواتە فاكتەری دەرەكی هاتە نێوییەوە، من دژی دووبارە گەڵاڵە كردنەوەی جیهانی عەرەبم نیم لە روانگەیەكی یەكبوونخوازییەوە. ئەو روانگەیەی وابەستە بە چەندین چین و ئاراستە بوو، یان ئەوەی پێی دەگوترێ قۆناغی ناسیونالیستی عەرەب بە ئاستێك گەیشت كە بەڵێنی جۆرێك لە رزگاریی نەتەوەییدا.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1036)
