سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان دەكات
لە دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان كرا و ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگەی كرد لە بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستان و پاراستنی كوردستان و جیهان و دەستخۆشیشی لە سەركردایەتیی كوردستان كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی لە بەرانبەر تیرۆریستان بەدەستیانهێناوە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە كرا و جەختیش لەسەر هەوڵی هەموو لایەك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی كرایەوە.
لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئەوە دووپات كرایەوە كە پێویستە كێشەكان بە سازان و ئارامی چارەسەر بكرێت و ئاسوودەیی و ئارامیی هاووڵاتیان بە هەند وەربگیرێت.
