سلێمانی.. كۆبوونەوەی پێنج لایەنە سیاسییەكە كۆتاییهات
لە كۆبوونەوەكەدا كە لەبارەی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بوو، لایەنەكان هاوڕابوونە كە بابەتەكە پێویستی بە گفتوگۆ و دانیشتی زیاتر هەیە. محەممەد حەکیم، ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان كە یەكێك بوو لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە، لە كۆنگرەیەكی رۆنامەڤانیدا رایگەیاند " لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ تێگەیشتنی سیاسی زیاتر لەنێوان لایەنەکان دروستبوو، هەروەها لایەنەکان جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستیان بە کاتی زیاتر هەیە تاوەکو بگەن بە سازان".
هەروەها بڕیاریش دراوە لە كۆبوونەوەكانی داهاتوودا جگە لەو پێنج حیزبە كە هەریەكێكیان تەنها نوێنەرێكیان دەبێت، پێكهاتەكانیش (تورکمان، ئاشوور و کلدان و سریانەکان) هەریەكە و نوێنەرێكیان هەبێت. لەبارەی كۆبوونەوەی داهاتووش ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ گوتی " لە نزیکترین کاتدا کۆبوونەوەی داهاتوو ئەنجامدەدرێت".
دوای ئەوەی لایەنە سیاسییەكان لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان نەگەیشتنە سازان، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان دروستكردنی ژوورێكی عەمەلیاتی بۆ گەیشتن بە رێكکەوتنی لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئەو پرسە پێشنیازکرد و دواتر پێکهات.
ژووری عەمەلیاتی چارەسەرکردنی پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی یەکگرتووی ئیسلامی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە رۆژی 30-7-2015 لە مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو لە هەولێر ئەنجامدا. ئەو كۆبوونەوەیەی ئەمڕۆش كرا، دووەمین كۆبوونەوەی ئەو ژوورە عەمەلیاتە بوو.
رووداو
