مەسعود بارزانی، شەرعییەتی شۆڕشگێری و مەشروعییەتی یاسایی

مەسعود بارزانی، شەرعییەتی شۆڕشگێری و مەشروعییەتی یاسایی
لە بابەتێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان دكتور نەجدەت ئاكرەیی دەڵێ: خوێندنەوەی ئەزموونی ئەو گەلانەی كە بە خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەیی و نیشتمانی توانییان كیانێكی سیاسی و یاسایی و دەستووری بۆ خۆیان بنیاد بنێن، ئاماژە بەوە دەكەن كەوا ئەم ئامانجە بە تێكەڵی بنەماكانی شەرعییەتی شۆڕشگێری و مەشروعییەتی یاسایی بووە، هەڵبەتە هەنگاویان ناوە بەرەو دامەزراوەیی، بەڵام پرەنسیپی شەرعییەتی وەك (ثوابت)ێكی گرنگی ئەم كیانانە دەمێنێتەوە، تەنانەت دەنگدانەوەیان دەبێت لەو دۆكیومێنتە سیاسی و یاسایی و دەستوورییە، ئەمەش بە مانای ئەوەی كەوا یاسا بریتییە لە بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی هەر كیانێك و رەوڕەوەی ئەم گەلانە بە هەردوو ئاستەوە بە شەرعییەتی شۆڕشگێری و مەشروعییەتی یاسایی بەڕێوەدەچێت.
دكتور نەجدەت هەروەها گوتی: زۆر جار دەبێت یاسا بە چەقبەستوویی نەخوێندرێتەوە، بەڵكو مامەڵە لەگەڵ رۆحەكەی بكرێت و لە مەبەست و لە ئامانجەكانی تێبگەین، نەك لە لەفزەكەی كە لە سەری بنیادنراوە، ئەمە تەفسیری فراوانی یاساییە و تەفسیرە تەسكەكەی خۆی لە خوێندنەوەی وشكی یاساكاندا دەبینێـت و لە روانگەی چەقبەستووییەوە، مەشروعییەتی یاسایی مانای ئەوەیە كە یاسا بریتی بیت لە دەنگدانەوەی پێداویستییە گرنگەكانی هەر قۆناغێكی مێژوویی رەوڕەوەی گەلان و پەنابردن بۆ میكانیزمەكانی گونجاندن لەگەڵ ئەم پێداویستییانە. بەڵام شەرعییەتی شۆڕشگێری مانای ئەوەیە كەوا راستییەكانی مێژوو و جوگرافیا و سیاسیەت و ئابووری و فاكتەرەكانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بخوێندرێتەوە لە روانگەی بەرژەوەندیی ئەم كیانە.

ئاكرەیی لە درێژەی بابەتەكەیدا دەڵێ: تایبەتمەندی خەباتی گەلەكەمان پتر لە سەد ساڵی رابردوو ئاماژە بەوە دەكات كە هەموو شێوازەكانی خەبات پەنایان بۆ براوە: چەكداری، دیپلۆماسی، دیالۆگ، دیموكراسی، تەوافوق و ڕێككەوتن، رۆژێ لەو رۆژانەش بزاڤی رزگاریخوازی كورد بە ڕێبەرایەتی بارزانی و پارتی دەرگاكانی دانەخستووە بەرامبەر بە بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان، بەڵكو پێناسە و شوناسی ئەم گەلە بوون، چ لەسەر ئاستی نیشتمانی و چ لە ئاستی نەتەوەیی، یاخود هەرێمی، یان جیهانی.

شايانى باسه ئاكرەیى هەروەها دەڵێ: ئەمەی لە كوردستان ئیمڕۆ لەلایەن هەندێ لایەنی سیاسی پەنای بۆ دەبردرێت، بەشێكە لە گەمەیەكی سیاسی كە بەرەو خۆكوشتنی سیاسی دەبات، ئەم لایەنانە لە كونی دەرزی سەیری دنیا دەكەن و پەنا بۆ چەقبەستوویی یاسا دەبەن، تەنانەت دوور دەبنەوە لە بنەما و پرەنسیپەكانی شەرعییەتی شۆڕشگێڕی كە بەشێكیان پەنایان دەبردە بەر ئەم شەرعییەتە رۆژێك لە رۆژان. بۆیە دەبێـت حیساباتی خۆیان سەرلەنوێ بخوێننەوە و بگەڕێنەوە بۆ سەنگەری شۆڕشگێڕایەتی و لە هەمان كاتدا مامەڵە لەگەڵ مەشروعییەتی یاسایی بە تێگەیشتن لە رۆحی یاسا مامەڵە بكەن.

نەجدەت لە كۆتایی بابەتەكەیدا دەڵێ: سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی بۆ هەرێم بریتییە لە تێكەڵی فاكتەرەكانی شەرعییەتی شۆڕشگێڕی و مەشروعییەتی یاسایی لە روانگە و دیدی ئاسایشی نەتەوەیی، وەك قەوارەیەكی ستراتیژی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە زیندووەكانی ئەم كیانە كە هەرێمی كوردستانە و خۆی لە بنەماكانی هێز و دیپلۆماسییەت و ئابووری دەبینێتەوە.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1035)



Top