هەوڵی لادانی زمان و ئاڵای كورستان لە كارتی یەكگرتووی نیشتمانیدا پیچەوانەی دەستوورە"
(شاخەوان عەبدوڵا) بڕیاردەری لیژنەی ئاساییشوبەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕوونی كردەوە كە "ئەو هەوڵانەی لەلایەن ئەندامانی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساوە دەدرێت بۆ لادانی ئاڵای كوردستان لە لای ئاڵای عێراق لەسەر كارتی یەكگرتووی نیشتمانیی عێراقدا هەوڵی بێئەنجامن و ئەم كارتە وا كۆپی دەكرێت, چونكە بە گوێرەی مادەی چواری دەستووری عێراقی لە برگەی یەكدا دەڵی زمانی كوردی و عەرەبی فەرمیەو لە بڕگەی دووەمیش بە تێروتەسەلی باس لە تەواوی ئەم دامەزراوەو بڵاوكراوەوانەی حكومەتی عێراق دەكات كە دەبێ بە كوردی و عەربی بنووسرێن."
بڕیاردەری لیژنەی ئاسایشوبەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تیشك دەخاتە سەر بابەتەكە و دەڵێت: "لادانی ئاڵای كوردستان و بەكارنەهێنانی زمانی كوردی لە كارتی یەكگرتووی نیشتمانیی عێراقدا دەبێتە هۆی بەكارنەهێنانی ئەم كارتە لە هەرێمی كوردستان و بە كارتێكی نافەرمی لەقەڵەم دەدرێت لە ڕووی دەستورییەوە, ئەگەر هەر هەوڵێكی لەم شێوەیەش بدرێت ئێمە ڕەتی دەكەینەوە چونكە نادەستووریە. ئاڵای كوردستان دەبێ بۆ هەرێمی كوردستان لە كارتەكەدا هەبێت و لە ناوچەكانی تری عێراق ئاساییە نەبێت, ئەو ئەندامپەرلەمانانەیش هەوڵی لەم شێوەیە دەدەن هەوڵەكانیان بێسودە و ناتوانن بگەنە ئامانجەكان."
