حكوومه‌ت دڵنیایی دا، هیچ مه‌ترسیه‌ك له‌ئارادا نییه‌.. ئاگادارییه‌كه‌ی كۆنسووڵگه‌ریی ئه‌مه‌ریكا رێكاری رۆتینی بووه‌

 	 حكوومه‌ت دڵنیایی دا، هیچ مه‌ترسیه‌ك له‌ئارادا نییه‌.. ئاگادارییه‌كه‌ی كۆنسووڵگه‌ریی ئه‌مه‌ریكا رێكاری رۆتینی بووه‌
ئەمڕۆ هەینى كۆنسووڵگه‌ریی گشتیی ئەمه‌ریکا لە هەولێر لە ئاگادارکردنەوەیەکدا بۆ هاووڵاتیانی ئەمەریکایی لە هەولێر، داوای لێکردوون بۆ ماوەی دوو رۆژ واتە هەینى و شەممە خۆیان لە شوێنە گشتییەکانی هەولێر بەدوور بگرن بەهۆی بوونی هەڕەشەوە، به‌ڵام (سه‌فین دزه‌یی) ده‌ڵێ ئه‌مه‌ ته‌نیا رێكارێكی رۆتنینی كۆنسووڵگه‌ریی خۆیانه‌ و هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌ئارادا نییه‌.


(سەفین دزەیی) گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، سه‌باره‌ت به‌و ئاگادارییه‌ی كه‌ كۆنسووڵگه‌ریی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاووڵاتیانی له‌ شاری هه‌ولێر رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ به‌یانی سه‌ردانی شوێنه‌ گشتییه‌كان نه‌كه‌ن به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌وه‌، كارێكی رۆتینی خۆیانه‌ و ناوه‌ ناوه‌ ئه‌و ئاگادارییه‌یان هه‌یه‌، بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندیمان بە کۆنسووڵگەرى ئەمەریکا کرد و داواى روونکردنەوەى زیاترمان لێکردوون، لە بەرانبەردا کۆنسووڵگەریى ئەمەریکا رایگەیاندووە کە ئەم جۆرە هۆشداریانە ناوە ناوە لە رێگەى باڵیۆزخانە و کۆنسووڵگەرییەکانمان دەدەینە هاووڵاتیانمان بۆ ئەوەى ئاگادارى خۆیان بن و تەنها رێکارێکى رۆتینیە.

(دزەیى) راشیگەیاندووه‌ کە: "هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان دڵنیا دەکەینەوە هیچ جۆرە هەڕەشەو مەترسییەک لەسەر ژیانى ئەوان نییە و دەزگاکانى پۆلیس و ئاساییش بەوپەڕى چاوکراوەیى لە خزمەت ئارامى و سەقامگیرى هەولێر و تەواوى هەرێمى کوردستانن.


هەروا گوتى، ئەو هۆشداریەى کۆنسوڵگەریى ئەمەریکا تەنها پەیوەستە بە هاووڵاتیانى خۆیان و بۆ ماوەى دوو رۆژ بووە. ئەمەش پابەندبوونى خۆیانە بە وەزارەتى دەرەوە و لەسەرتاسەرى دونیا ناوە ناوە ئەم جۆرە هۆشداریە دەدەن.
Top