كۆنگرێسی ئەمەریكا پڕۆژەیاسایەك بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی بەرانبەر كورد كراون ئامادە دەكات
لەو پڕۆژەیاسایەدا كە واژۆی هەردوو كۆنگرێسمانان (كریس فان هۆڵێن) و (مارشا بلاكبێرنی) لەسەرە، هاتووە: "لە ساڵانی شەستەكانەوە (سەددام حوسێن) دەستی كردووە بە ژمارەیەك هەڵمەت بۆ جینۆسایدكردنی كوردان لە عێراق كە ماوەی چەند دەیەیەكی خایاندووە. لە ئەنجامدا هەزاران كەس گیانیان لە دەست داوە و سەدان هەزاریش لە ڕووی مادییەوە زیانمەند بوون".
لەبەشێكی دیكەی پڕۆژەیاساكەدا باس لەوە دەكرێت كە بەجینۆسایدناساندنی ئەو هێرشانەی لە ماوەی ئەو چەند دەیەیەدا كراونەتە سەر كورد، پەیامێك دەبێت بۆ جیهان، بە تایبەتیش بۆ كەسوكاری قوربانیان، كە ئەمەریكا ستەمدیدەیی ئەوانی بیر نەچووەتەوە.
ئەو تاوانانەی كە لەلایەن حكوومەتی بەعس و سەردەمی (سەددام حوسێن) بەرانبەر بە دانیشتووانی باشووری كوردستان ئەنجام دراون، ئەگەرچی لە دادگای باڵای تاوانەكانی بەعس سزایان بۆ دەرچووە، بەڵام هەتا ئێستا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەلایەن حكوومەتەكانەوە بە جینۆساید نەناسراون.
