فازڵ میرانی: هیچ حیزبێک بۆی نییە سیستەمی حوکم دیاری بکات

 فازڵ میرانی: هیچ حیزبێک بۆی نییە سیستەمی حوکم دیاری بکات
سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی رایدەگەیێنێت، هیچ حیزبێک بۆی نییە سیستەمی حوکم دیاری بکات و دەبێ گەل بڕیار لەسەر شێوەی حوکمڕانی بدات.

دوای كۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و حیزبی شیوعی لەبارەی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و سیستەمی حوكمڕانی، سەرۆكی هەردوو شاندەكە لە شاری هەولێر كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانییان ئەنجامدا.

فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی گوتی " ناکۆکیمان لەسەر شێوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە، هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لەلایەن خەڵکەوە واتای ئەوە نییە کە سیستەمی حوکمڕانی سەرۆکایەتییە".

میرانی هەروەها گوتی " لە هەوڵی چارەسەرکردنی 23ی حوزەیرانین، پرسی سازانمان جێگیرکردووە بۆ چارەسەرکردنی پرسە نیشتمانییەکان و نابێ لەو پرسانەی رەهەندی نیشتمانیان هەیە پشت بە کەمینە و زۆرینە ببەسترێت".

لە بەرامبەردا كاوە مەحموود، جێگری سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی كوردستان گوتی " هەموو لایەنەکان بۆچوونی جیاوازیان هەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە لە کۆتاییدا لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت".

كاوە مەحموود گوتیشی "دەبێ بگەڕێنەوە بۆ بۆچوونی هاونیشتمانیان بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسانەی رەهەندی نیشتمانیان هەیە". جەختیشیكردەوە كە دەبێ دەستوور پرسە نیشتمانییەکان یەکلابکاتەوە.








رووداو
Top