ئێران پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەرێمی كوردستان دووپات دەكاتەوە
لە دیدارێكدا بەڕێز ئەمیری خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و پەیوەندییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی كوردستانی لە هەموو بوارەكاندا بە تایبەتی لە بوارەكانی بازرگانیی و ڕاگەیاندندا دووپات كردەوە.
هەروەها باسی لە بارودۆخی عێراق و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش كرد و پشتگیریی وڵاتەكەی لەم شەڕەدا بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و جەختی لەوەش كردەوە كە پاراستنی ئاسایش هەرێمی كوردستان بۆ ئەوان یەكێك لە كارە هەرە گرنگەكانە بۆیە بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدەن ئاسایش و ئارامیی هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی شاندی میوانی كرد و پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانی لە هەموو بوارەكاندا و زیاتر بەرەو پێشەوە بردنی پەیوەندییەكانی دووپات كردەوە.
هەروەك سوپاسی كۆماری ئیسلامی ئێرانیشی كرد كە لە سەرەتای هەڕەشە و هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەرێم، لەگەڵ هێزی پێشمەرگە پارێزگاریان لە هەرێمی كوردستان كرد و ئەم هەڵوێستەش جێگەی ڕێز و پێزانینی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە.
تاوتوێكردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ و چۆنییەتی چارەسەركردنی ئەم كێشانە بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ، تەوەرێكی دیدكەی دیدارەكە بوو.
