حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بردنەوەی تەرمی گەریلا شەهیدەکان روونکردنەوە دەدات

 حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بردنەوەی تەرمی گەریلا شەهیدەکان روونکردنەوە دەدات
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت هەموو ئاسانکارییەکی کردووە بۆ ناردنەوەی تەرمی 13 گەریلا شەهیدەکەی یەپەگە بۆ باکووری کوردستان، بەڵام تورکیا وەرینەگرتوونەتەوە.

سەرچاوەیەکی باڵای بەرپرس لە سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "تەرمی ئەو شەهیدانەی یەپەگە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێکراوە و هەموو ئاسانکارییەک کراوە بۆ بردنەوەیان بۆ تورکیا، بەڵام حکومەتی تورکیا بە هیچ شێوەیەک رازی نەبووە ئەو تەرمانە وەربگرێتەوە".

سەرچاوەکەی حکومەتی کوردستان ئەوەشی بۆ رووداو ئاشکراکرد کە "ئێستا تەرمەکان لە ساردخانەدان و بە یەپەگە راگەیێندراوە ئەگەر رێگە بە ناردنەوەیان نەدرا، دەکرێ بەشێوەیەکی کاتی لە باشووری کوردستان بنێژرێن، تاوەکو رەوشەکە چارەسەر دەبێت".

لە رۆژی 26/7/2015ەوە تەرمی 13 شەهیدی یەپەگە لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلن، بەڵام حکومەتی تورکیا رێگە بە بردنەوەیان بۆ باکووری کوردستان نادات. گەریلاکان لە شەڕی دژی داعش لە رۆژئاوای کوردستان شەهیدبوون.







رووداو
Top