كورد گومانی لە راپۆرتی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ هەیە

 كورد گومانی لە راپۆرتی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ هەیە
جێگری سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ، رایگەیاند كە گومان هەیە لە راپۆرتی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵدا تۆمەتی سەر لایەنێك سووكتر بكرێ‌، ئەگەر ئەوەش بكرێ‌ راستییەكان ئاشكرا نابن. گوتیشی ئەگەر راپۆرتەكە دەستكاری بكرێ‌ قبوڵی ناكەن و دەست لەكار دەكێشێتەوە.

دوای نزیكەی ساڵێك كاركردن، لیژنەكە هەموو عێراقییەكانی لە چاوەڕوانییەكی زۆردا هێشتووەتەوە. چونكە خەڵك دەیانەوێ‌ بە فەرمی ئەوە رابگەیێنرێ‌ كە چیرۆكی دەستبەسەرداگرتنی شاری مووسڵ، دووەم گەورەترین شاری عێراق لەلایەن ژمارەیەكی كەم لە چەكدارانی داعشەوە چۆن بوو، كاتێك شارەكە سوپایەكی زەبەلاح و پڕ چەكی تێدابوو.

چەند جارێكە لیژنەكە راگەیاندنی راپۆرتەكەی دوادەخات. هەرچەندە وا بڕیارە لە مانگی داهاتوودا ئەنجامی كاری لێژنەكە رابگەیەنرێت، بەڵام ئەندامانی كوردی نێو لیژنەكە تاراددەیەك رەشبینانە لە ئەنجامەكانی راپۆرتەكە دەڕوانن، چونكە گومانیان هەیە دەستكاریی بكرێ‌. عادل نووری، پەرلەمانتاری یەكگرتوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی لێژنەكە دەڵێت، زۆرینەی ئەندامانی لیژنەكە سەر بە هاوپەیمانی نیشتمانین "بۆیە ئەوان هەر لەسەرەتاوە گوتیان رازی نابین مالیكی بانگهێشتی لێكۆڵینەوە بكرێ‌، لەكاتێكدا مالیكی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق بوو".

عادل نووری، ناتوانێ‌ دەستبەرداری گومان و دوودڵی ببێ‌ لەبارەی ئەوەی لیژنەكە بێلایەنی خۆیان بپارێزن و دەڵێ‌ بابەتەكە بووەتە بابەتێكی سیاسی و كاراكتەری سەرەكی كە مالیكییە، ئەوان نایانەوێ‌ ئەوی تێدابێ‌ و هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەیە ئەنجامەكان بە لاڕێدا ببرێن "كە مالیكی بێتاوان بێ‌، كەواتە راپۆرتەكە دەیەوێ‌ بڵێ‌ كێ‌ تۆمەتباری كەوتنی مووسڵە؟".

نزیكەی دوو مانگ لەوەوبەریش، عادل نووری لەو بارەیەوە گوتی بۆ خۆی گوێی لە دانپێدانانی عەلی غێدان، بەرپرسی هێزە وشكانییەكانی سوپای عێراق بووە كاتێك لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كراوە لە بارەی هۆیەكانی بەدەستەوەدانی مووسڵ "گوتی بە فەرمانی راستەوخۆی نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە مووسڵ كشاینەوە". ئەو كشانەوەیەی كە دەرگای ئاشووبێكی گەورەی لەسەر عێراق و باشووری كوردستان كردەوە و تاوەكو ئێستاش خوێن لەبەر خەڵك و پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق دەچۆڕێ‌.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە ئەندامانی لێژنەكە، هاوپەیمانی نیشتمانی هەوڵ دەدات زۆرتر تۆمەتەكان رووبەڕووی ئەسیل نوجێفی، پارێزگاری مووسڵ و عەلی غێدان و هەندێك بەرپرسی دیكە بكاتەوە كە كوردیشیان تێدایە بە تۆمەتی ئەوەی بەرگرییان نەكردووە.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ دەڵێ‌ بەڵگەی پێویست دەست لیژنەكە كەوتوون كە دەریبخات كێ‌ تۆمەتبارە "ئێستا راپۆرتەكە تەواو بووە و دەبێ‌ بخرێتە دەنگدانەوە بۆ ئەوەی ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكرێ". گوتیشی "جارێ‌ دەبێ‌ چاوەڕوان بین بزانین ئەنجامەكان چۆن دەبن و بێلایەنی لیژنەكە چۆن دەبێ‌".

پێش ئەوەی لیژنەكە كۆتایی بە كارەكانی بهێنێ، مالیكی لە زۆربەی ئەو بۆنانەی وەك جێگری سەرۆك كۆمار بەشداریی تێدا كردوون، پەنجەی تۆمەتی بۆ بەرپرسە سوننە مەزهەبەكانی نێو حكومەت و سوپای عێراق درێژكردووە، لەو پارێزگایەی كە جگە لە زیانە گیانییەكان، سوپای عێراق بایی 27 ملیار دۆلار چەك و كەرەستەی سەربازیی بۆ چەكدارانی داعش بەجێهێشت.

لیژنەكە لە 27 كەس پێكهاتوون، زۆرینەیان لە هاوپەیمانی نیشتمانین و نزیكەی مانگێك لەمەوبەر لیژنەكە پرسیاری بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نارد و دواتریش بارزانی وەڵامی پرسیارەكانی دابوونەوە. هەرچەندە پێشتر سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەندێك لە پرسیارەكانی بە مەبەستدار و بۆمبڕێژ نێوبردبوو.

عادل نووری پێیوایە "بەسیاسیكردنی كاری لیژنەكە ئەوكاتە ئاشكرا بوو كە پرسیاریان بۆ بارزانی نارد، چونكە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاتێك هاتووەتە نێو ئەم یارییەوە كە مووسڵ داعشی تێدابوو. دواتریش ئەو سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستانە نەك عێراق".

بەبڕوای زانا روستایی، ئەندام ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق "ئاشكراكردنی راپۆرتەكە چەند دوابكەوێ‌، هێندەی دیكە گومان لەسەر بێلایەنیی لیژنەكە دروست دەكات و دەرفەتی ئەوە زۆرتر دەكات كە دەستكاری ناوەڕۆكی راپۆرتەكە بكرێ‌". گوتیشی پەرلەمان چاوەڕێی ئەوە دەكات راپۆرتەكە بخرێتە بەردەمی و بزانرێ‌ چی تێدایە.

رۆستایی پێیوایە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێ‌ ئامادەكاریی بكات بۆ ئەوەی سكاڵا تۆمار بكات ئەگەر دەركەوت ئەو پارێزگایە بە ئەنقەست دراوە بەدەستەوە، یان راپۆرتەكە دەستكاری كراوە.

باشووری كوردستان زیانێكی گەورەی گیانی و ماددی لێكەوت، كاتێك داعش پەلاماری ناوچەكانی دا. زیاتر لە 1250 شەهید و نزیكەی 6 هەزار برینداری هەیە جگە لە وێرانبوونی چەندین شارۆچكە و گوندی كوردستان، هەروەها رفاندنی سەتان كچ و ژنی كوردی ئێزدی. ئەمە وێڕای ئەو پارە زۆرەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناچاربوو لە بەرەكانی شەڕدا خەرجی بكات.

عادل نووری، دووپاتی دەكاتەوە راپۆرتەكە لە كۆتاییدا بە شێوەیەكی دیكە چیرۆكەكان دەگێڕێتەوە، بۆیە بەپێویستی دەزانێ‌ وەك كورد خۆیان ئامادە بكەن بۆئەوەی "لە دادگای لاهای سكاڵا لەسەر مالیكی و هاوكارەكانی تۆمار بكەین".











رووداو
Top