لە کۆبوونەوەی بارزانی و کارتەر باسی شەڕی موسڵ کراوە

لە کۆبوونەوەی بارزانی و کارتەر باسی شەڕی موسڵ کراوە
مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لەبارەی سەردانی ئاشتن كارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریكا بۆ هەولێر و كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندێكی پێشمەرگە، رایگەیاند " لەگەڵ شاندی ئەمریكی باسی شەڕی موسڵمان كرد، شەڕەكە بۆ ئێمە گرنگە و بەشداری دەكەین".

هەروەها وەزیری پێشمەرگە گوتیشی كە شاندی ئەمریكی بە سەرۆكایەتیی ئاشتن كارتەر دڵنیایان کردوونەتەوە كە بەردەوامدەبن لە پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان لە شەڕی داعش و دابینكردنی چەك و پێداویستییە سەربازییەكان.

هاوكات لە لێدوانە رۆژنامەڤانییەكەدا كە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو تێیدا ئامادەبوو، ستیوارت جۆنز، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند " پشتیوانی پێشمەرگە دەکەین بۆ لێدانی داعش". هەروها گوتیشی " وەزیری بەرگریی ئەمریکا سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە دژ بە داعش".
ئاشتن كارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و شاندی یاوەری ئەمڕۆ هەینی 24-7-2015 گەیشتنە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و لەلایەن مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان و فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازییان لێكرا.

پاشانیش لە ئۆفیسی سەرۆكی حكومەت لە شاری هەولێر، لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكان بە بەشداری شاندێكی سەربازی كۆبووەوە
Top