نوعمان کورتوڵموش: تەقینەوەکەی پرسووس ئازاری هاوبەشی هەموو تورکیایە
نوعمان کورتوڵموش، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی رایگەیاند " لێکۆڵینەوەی زۆر ورد لە تەقینەوەکەی پرسووس دەکەن هەموو وردەکارییەکانی تەقینەوەکەش رادەگەیەنن".
کورتوڵموش، هەڵوێستی حکومەتی روونکردنەوە سەبارەت تەقینەوەکە و رایگەیاند " حکومەت ئەنجامدەرانی تەقینەوەکە بە سزا دەگەیەنێت".
کورتوڵموش سەرسووڕمانی خۆی لە تەقینەوە لەو شوێنە دەربڕی و پێیوابوو شوێنەکە لە رووی ئەمنییەوە پارێزراوە، بۆیە جێگای سەرنجە تەقینەوە لە و شوێنە روویداوە، گوتیشی " بە هەستیاریی زۆرەوە کار لەسەر چۆنییەتی ئەنجامدانی تەقینەوەکە دەکەین".
یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی تورکیا، جارێکی دیکە هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە، کە دەخرێنە پاڵ تورکیا لەهاوکاریکردنی داعش و گوتی "تیرۆر هیچ ئایینێکی نییە و ئێمە دژی تیرۆرین، داواش لە راگەیاندنەکان دەکەم، لە بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێک لەوبارەیەوە، وردبن و بەرپرسانە زانیارییەکان مامەڵە لەگەڵدا بکەن".
دوێنێ 20 ی تەممووز، تەقینەوەیەکی بەهێز لەشارۆچکەی پرسووس روویدا و بووە هۆی شەهیدبوونی 32 كەس و برینداربوونی زیاتر لە 100 کەسی دیکە، داوای تەقینەوەکەش هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە، تەقینەوەکەی پرسووسی دایە پاڵ میت بەهاوکاری داعشی دانان و هەروەک دیسان جەختیان لەوە کردەوە، کە تورکیا سنووری خۆی بۆ داعش واڵاکردووە، تاکو لەو سنوورەوە بچنە رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
رووداو
