لە سەقز و بۆکان لافاو روویدا

 لە سەقز و بۆکان لافاو روویدا
بارانی لە ناکاو لە شاری سەقز-ی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە هۆی روودانی لافاو و ئەمەش زەرەر و زیانی زۆری بە خەڵک گەیاند و هاتوچۆی خەڵکی لەو شارەدا تووشی کێشە کرد.

شایەتحاڵەکان بارانی لەمجۆرە لەم کاتەی ساڵدا بەبێ وێنە لەقەڵەم دەدەن. لەئەنجامی ئەو لافاوەشدا زەرەر و زیانی زۆر بە خانوو و دوکانی خەڵک گەیشتووە و ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبیلیش زیانیان پێ گەیشتووە یا تووشی رووداوی هاتوچۆ بوون.

خالد عەلایی، سەرۆکی کەشناسیی سەقز، دەڵێ "بارانەکانی ئەم کاتانە هەمیشە زەرەر و زیان بە خەڵک دەگەیەنن".

بەگوتەی عەلایی، کەشناسیی سەقز سێ رۆژ پێشتر ئاگاداریی دابوو، کە لە رۆژی هەینییەوە کەشی باکوور و رۆژهەڵاتی باکووری پارێزگای سنە دەگۆڕێ.

رۆژی شەممە لە هەندێک لە گوندەکانی ناوچەی سەقز 64 میلیمیتر باران باریوە.

جێگری تەکنیکی قایمقامی سەقز دەڵێ "بەشێک لە بازاڕی سەقز، کۆمەڵێک خانوو لە پەراوێزی شار، بازاڕی مێژوویی سەقز، هەروەها 20 لەسەدی شوێنەکانی هاتوچۆ لە بەشەکانی خوارەوەی شاردا زەرەر و زیانیان پێگەیشتووە".

بێهزار یەزدانی، سەرۆکی ژووری بازرگانی سەقز ئاماژە بەوە دەکات "بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو و نەبوونی کەناڵێک بۆ چوونەدەرەوەی ئاوەکە، خەڵکی دوکاندار زەرەری زۆریام بەرکەوتووە".

جگە لە سەقز، بارانی هاوینە شارەکانی بۆکان، بانە و ساحێویشی گرتەوە، بەهەمان شێوە لە بۆکانیش لافاو هەستا.

ئیسماعیل کامیاب نەسەب، سەرۆکی کەشناسی شاری بۆکان، رایگەیاند "بارانی هاوینە زەرەر و زیانی زۆری بە دواوە بووە. بارینەکان لە بۆکان 6 پلە گەرمای دابەزاندووە و ئەم رەوشەش تا کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت".





















رووداو
Top