سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كردە تیرۆریستییەكەی بەنی سەعد سه‌ركۆنه‌ دەكات

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كردە تیرۆریستییەكەی بەنی سەعد سه‌ركۆنه‌ دەكات
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان زۆر بە توندی ئیدانەی كردە تیرۆریستییه‌كه‌ی شارۆچكەی بەنی سەعدی پارێزگای دیالە دەكات و، سەرەخۆشیی لە كەسوكاری شەهیدانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە دەكات و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازێت.

ده‌قی په‌یامی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان:
ئێوارەی ڕۆژی هەینی 17ـی 7ـی 2015 و لە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزدا تیرۆریستان لە كردەیەكی دڕندانە و بەهۆی تەقینەوەیەك لە شارۆچكەی بەنی سەعدی پارێزگای دیالە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی بێگوناحیان شەهید و بریندار كرد. سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان زۆر بە توندی ئیدانەی ئەم كردە نامرۆڤانەیە دەكات و سەرەخۆشیی لە كەسوكاری شەهیدانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە دەكات و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازێت. تیرۆریستان وەك پیشەی هەمیشەییان بە بێ گوێدانی بەها ئایینی و مرۆڤییەكان زۆر ترسنۆكانە و بێ بەزەییانە گیانی هاووڵاتیان كردووەتە ئامانج. ئەم كارە قێزەوەنانە دادی تیرۆریستان نادات و چارەنووسیان لەناوچوون و شكستە.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

18ـی 7ـی 2015
Top